به‌كارهێنانی ئه‌ندامێكی جه‌سته‌ی به‌راز له نه‌شته‌رگه‌ریدا یه‌كلا ده‌كرێته‌وه

K24 - هه‌ولێر:
دكتور شه‌وقی عه‌للام، موفتی میسر و سه‌رۆكی ئه‌مینداریه‌تی گشتی ده‌سته‌ی فتوا له جیهان رایگه‌یاند، تیماركردنی برین به ئه‌ندامێكی جه‌سته‌ی به‌راز له شه‌رعی ئیسلامدا رێگه‌پێدراوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی به‌راز دوای گۆڕانگاری له‌گه‌ڵ مادده‌ی دیكه بۆ نه‌شته‌رگه‌ری به‌كاردێت.
شه‌وقی عه‌للام، له میانه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌ڤیزیۆنیدا روونیكرده‌وه، ئه‌و كه‌ره‌سته‌یه‌ی له جه‌سته‌ی به‌راز وه‌رگیراوه، له رێگه‌ی مادده‌ی دیكه‌وه گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه، ئه‌ویش له رێگه‌ی چاره‌سه‌ركردنی كیماوی، له‌و كاته‌دا به ته‌واوه‌تی مادده‌یه‌كی نوێ درووست ده‌بێت، به‌جۆرێك ئه‌و مادده نوێیه هیچی له مادده كۆنه‌كه ناچێت، لێره‌دا حه‌رامكردنی راست نییه، هه‌روه‌ك پێشتر واگوتراوه.
گوتیشی: ئه‌وه به‌راز نییه گۆڕانكاری به‌سه‌ردابێت، به‌ڵكو ئه‌ندامێكی وه‌رگیراوی به‌رازه‌كه‌یه گۆڕانكاری به‌سه‌رداهاتووه و به مه‌به‌ستی تیماركردن به‌كاردێت، دوای ئه‌وه‌ی گۆڕانكاری كیمیاوی تێدا ده‌كرێت.
ئه‌و موفتییه‌ی میسر ئاماژه‌ی به‌وه كرد، له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی زانستی و ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی له‌سه‌ر تیماركردن و نه‌شته‌رگه‌ری كراوه، تا ئێستا هیچ جێگره‌وه‌یه‌كیان بۆ ئه‌ندامه وه‌رگیراوه‌كه‌ی به‌راز نه‌دۆزیوه‌ته‌وه، بۆ ئه‌مه‌ش پێویستی وا ده‌كات شته قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان ئاسایی بن.
له‌باره‌ی حه‌رامكردنی خواردنی گۆشتی به‌راز، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌و بابه‌ته به‌گوێره‌ی ئایه‌تی قورئان حه‌رام كراوه، به‌ڵام له حاڵه‌تی پێویستیدا سوود وه‌رگرتن له‌و بابه‌ته رێگه‌پێدراوه.