کۆچبەرێکی گەڕاوە لە بێلارووس: قاچاخچی فێڵی لێکردین
K24 – دهۆک
ژمارەیەک لەو کۆچبەرانەی لە سنوورەکانی بێلارووس گەڕاونەتەوە کوردستان، ئاماژە بەوە دەکەن، لەلایەن قاچاخچییەکانەوە فێڵیان لێکراوە، یەکێک لەو کۆچبەرانە دەڵێ: قاچاخچی پێی گوتین: تەنها سێ کاتژمێر بەپێ دەڕۆن و لە سنوورەکان دەردەچن، بەڵام فێڵی لێکردین.
زینا خەلەف، هاووڵاتییەکی خەڵکی شنگالە و لەکاتی هاتنی داعش لەگەڵ خێزانەکەی لە زێدی خۆیان ئاوارەبوونە و لە کەمپێکی سنووری پارێزگای دهۆک گیرساونەتەوە، بڕیاریانداوە بەرەو ئەوروپا کۆچ بکەن، روویان کردووەتە بێلارووس، ئەو بۆ کوردستان24 گوتی: "لەلایەن قاچاخچی فێڵمان لێکرا، ئەو پێی گوتین دوای سێ کاتژمێر لە سنوورەکان دەردەچن و بە ئۆتۆمبێل دەگەنە پۆڵەندا، بەڵام راست نەبوو، سێ رۆژ چاوەڕێمان کرد ئۆتۆمبێل نەهات".
گوتیشی: "ئێمە هەشت ساڵە وەک ئاوارە لەژێر چادر دەژین، ویستمان بچینە ئەڵمانیا و بۆ ئەوەی داهاتوو بۆ منداڵەکانمان دابین بکەین، بەڵام ئەوەی قاچاخچییەکان دەڵێن راست نییە".
باس لەوەش دەکات، چەندین رۆژ لەناو دارستانەکانی سنووری بێلاڕووس بێ نان و ئاو بوونە و 20 هەزار دۆلاریش زەرەمەند بوونە.
گەورێ عوسمان، ژنێکی بە تەمەن و ئەویش لەگەڵ خێزانەکەی رووی کردبووە بێلارووس و دەڵێ: "13 شەو لەناو دارستانەکان ماینەوە، نان و ئاو نەبوو، منداڵەکانمان لە سەرمان و لە پرسان هیلاکبوون".
دەشڵێت: "هێندە ماندوبوون و ئازارمان بینی، خۆزگەمان بە مردن دەخواست".
رۆژی 18/11/2021، زیاتر لە 400 کۆچبەری کورد و عەرەب لە بێلارووسەوە بە ئارەزومەندانە و بە هاوکاری هەماهەنگی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان گەڕێندرانەوە و پڕۆسەی گەڕاندنەوەی ئارەزومەندانەش بۆ کۆچبەران بەردەوام دەبێت.