مه‌سرور بارزانی: كوردستان له‌ رووی ئاسایش و ئابوورییه‌وه‌ له‌ قۆناغێكی پێشكه‌وتوودایه

هه‌موو لایه‌ك رۆڵی پێشمه‌رگه‌ و داموده‌زگاكانی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان به‌ گرنگ ده‌زانن
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ مه‌نامه‌ - 21ی 11ی 2021 - فۆتۆ: KRG
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ مه‌نامه‌ - 21ی 11ی 2021 - فۆتۆ: KRG

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ (21ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2021) له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، له‌ كۆڕبه‌ندی مه‌نامه‌ به‌شدارییه‌كی كارامان كردووه‌ و له‌گه‌ڵ زۆر له‌ به‌شدابووانی كۆڕبه‌نده‌ دیدارمان كردووه‌، كه‌ پاراستنی ئاسایش و هاوكاری یه‌كتر ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی بووه‌.

مه‌سرور بارزانی گوتی: به‌شدارییه‌كی باشمان هه‌بووه‌، به‌شداری پا‌نێڵ و چه‌ندین دیداری دوو به‌ دوومان كرد، له‌گه‌ڵ زۆر له‌ به‌شداربووانی كۆڕبه‌ندی مه‌نامه‌، هه‌مووشی له‌سه‌ر چۆنیه‌تی پاراستنی ئاسایش و هاوكاری یه‌كترمان بووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و ته‌حه‌دیاتانه‌ی رووبه‌ڕووی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی بووه‌ته‌وه‌.

گوتیشی: له‌كۆڕبه‌نده‌كه‌ ئێمه‌ وه‌كو به‌شێكی كاریگه‌ر له‌و ناوچانه‌ به‌ گرنگمان زانی بیروبۆچوونه‌كانی خۆمان له‌گه‌ڵ ئه‌وان باس بكه‌ین، پێمانوایه‌ چیتر بابه‌تی ئاسایش بابه‌تی ناوچه‌یه‌كی به‌ته‌نیا نه‌ماوه‌، پێویستی به‌هاوكارییه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌ هه‌یه‌، ئه‌مه‌شمان بینی، كه‌ له‌م كۆڕبه‌نده‌ باس ده‌كرا، ئه‌وه‌ی هه‌ستیشمان كرد، گرنگییه‌كی زۆریان به‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌ به‌گشتی داوه‌.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ مه‌نامه‌ 2021
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ مه‌نامه‌ 2021

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان روونیكرده‌وه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌م له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا، ئه‌وان به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی دا به‌رده‌وام ده‌بن و هاوكاری و بوونیشیان له‌ ناوچه‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، هه‌موو لایه‌ك هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ن، داعش هێشتا مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌، ئه‌وان رۆڵی پێشمه‌رگه‌ و داموده‌زگاكانی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستانیان به‌ گرنگ زانی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش وه‌كو هاوپه‌یمان پێویستیان به‌ ئێمه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ رووبه‌ڕووی ئه‌و مه‌ترسییانه‌ ببینه‌وه‌،

سه‌باره‌ت رۆڵی هه‌رێمی كوردستان له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ عێراق، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد، ئێمه‌ هه‌میشه‌ گوتوومانه‌ كه‌ كوردستان ده‌توانێت ببێته‌ ده‌رگایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی خێر و به‌ره‌كه‌ت بۆ هه‌موو عێراق بگه‌ڕێته‌وه‌.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، كوردستان هه‌م له‌ رووی ئاسایشه‌وه‌، هه‌م له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌ له‌ قۆناغێكی پێشكه‌وتووتردایه‌، هیوادارین ئه‌م هه‌نگاوانه‌ یارمه‌تیده‌ری ناوچه‌كه‌كانی دیكه‌ی عێراق بێت، بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاسایش و بووژانه‌وه‌ی ئابووری.