لێدوانه‌كانی راهێنه‌رانی هه‌ولێر و زاخۆ دوای یارییه‌كه

لە خولی نایابی عێراق، یانه‌ی زاخۆ بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە هەولێری بردەوە، ئه‌مه‌ش سێیه‌مین شكستی له‌سه‌ریه‌كی یانه‌ی هه‌ولێر بوو له خوله‌كه، راهێنه‌ری یانه‌كه‌ی پایته‌خت گله‌یی له ناوبژیوانان ده‌كات و ده‌شڵێت: یاریزانی پیشه‌گه‌رمان پێویسته.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، لە گەڕی دەیەمی خولی نایابی عێراق زاخۆ لە دێربی کوردستان میوانداری هەولێری کرد، لە نیوەی یەکەمی یارییەکە بەبێ گۆڵ یەکسان بوون، بەڵام لە نیوەی دووەمدا لە خولەکی شەست و پێنج لۆکاس سانتۆسی یاریزانی پیشەگەری بەڕازیل تاکە گۆڵی سەرکەوتنی زاخۆی لە دژی هەولێر تۆمار کرد.
زاخۆ پێنجەمین بردنەوەی له‌م وه‌رزه بەدەستهێنا و بە 18 خاڵ بە کاتی بۆ خانەی پێنجەمی خولی نایابی عێراق سەرکەوت، لەبەرامبەردا هەولێر تامی پێنجەمین دۆڕانی ئەم وەرزە و سێیەمینی لەسەریەکی کرد و بە حەوت خاڵ بە کاتی لە خانەی حەڤدەم دەبینرێت.
راهێنه‌ری یانه‌ی هه‌ولێر گله‌یی له ناوبژیوانان ده‌كات
تاریق جه‌رایا راهێنه‌ری توونسی یانه‌ی هه‌ولێر له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی دوای یارییه‌كه گله‌یی له ناوبژیوانان كرد، گوتیشی: له‌م یارییه و له 3 یارییه‌كانی رابردوومان به روونی دیاره كه ئاستی ناوبژیوانه‌كان زۆر خراپه، ته‌نانه‌ت له بڕیاردان له باره‌ی لێدانی پێناڵتی له 3 یاری رابردوو زوڵمیان له ئێمه كردووه، چونكه هه‌میشه باشترین ئاستمان پێكه‌ش كردووه، به‌ڵام ناوبژیوان مافی خۆی پێنه‌داوین.
تاریق جه‌رایا گوتیشی: له ئاستی تیپه‌كه‌م رازیم، ئه‌گه‌رچی كێشه‌مان هه‌یه، له ماوه‌كانی رابردوو به‌هۆی پێكانی یاریزانه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی یاریزانه پیشه‌گه‌ره‌كان بۆ وڵاته‌كانیان كێشه‌كان بۆ دروست كردین، جگه له‌وه‌ش یاریزانه لاوه‌كانیشمان په‌یوه‌ندییان به هه‌ڵبژارده‌ی عێراق كردووه، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا ته‌نیا پێویستیمان به یه‌ك بردنه‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی یاریزانه‌كانمان متمانه‌یان بۆ بگه‌ڕێته‌وه.
راهێنه‌ره توونسییه‌كه‌ی هه‌ولێر گواستنه‌وه‌ی یاریزانێكی دیكه‌ی پیشه‌گه‌ری بۆ یانه‌كه‌ی به پێویست زانی و گوتی: بۆ پاڵپشتیكردنی تیپه‌كه‌مان پێویستیمان به ئه‌زموونی یاریزانێكی دیكه‌ی پیشه‌گه‌ر هه‌یه.
بارزان شێرزاد متمانه‌ی به تیپه‌كه‌ی هه‌یه
بارزان شێرزاد هێرشبه‌ری یانه‌ی هه‌ولێر له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له دوای یارییه‌كه رایگه‌یاند كه له ئاستی تیپه‌كه‌یان رازییه، ده‌شڵێت: نكۆڵی له‌وه‌ش ناكه‌ین ئاستی تیپه‌كه‌یان له یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ به به‌راوردی یارییه‌كانی دیكه وه‌كو پێویست نه‌بوو.
بارزان شێرزاد ده‌شڵێت: له ئێستادا ئێمه یارییه‌كی به كۆمه‌ڵ و باش ده‌كه‌ین، ته‌نیا پێویستیمان به یه‌ك بردنه‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێینه‌وه سه‌رڕێڕه‌وی سه‌ركه‌وتنه‌كان، چونكه له ئێستادا تیپه‌كه‌مان هه‌موو شتێك ده‌كات ته‌نیا به‌ختی نییه و ناتوانێت یارییه‌ك بباته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی دۆخی ده‌روونیمان باشتر بێت.
راهێنه‌ری زاخۆ: یاریزانه‌كانم شه‌كه‌ت و هیلاكن
سه‌عید ئه‌سكه‌نده‌ر یاریده‌ده‌ری عه‌بدولوه‌هاب ئه‌بولهێڵ راهێنه‌ری یانه‌ی زاخۆ دوای یارییه‌كه به‌شداریی له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی دا كرد و رایگه‌یاند كه یارییه‌كه‌یان به‌رامبه‌ر هه‌ولێر یارییه‌كی قورس بوو، چونكه تیپی به‌رامبه‌ر له زۆربه‌ی كاته‌كان به پێنج به‌رگریكار یارییان ده‌كرد و یارییه‌كه‌ش دێربی بوو زۆر قورس بوو.
یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ری یانه‌ی زاخۆ له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه به‌هۆی دووری و مه‌وادی رێگا له ماوه‌كانی رابردوو یاریزانه‌كان زۆر شه‌كه‌ت و هیلاك بوونه، ده‌شڵێت: له شاره‌كه‌ی ئێمه فرۆكه‌خانه نییه، بۆیه به‌رده‌وام به پاس هاتووچۆ ده‌كه‌ین، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر تیپه‌كه دروست كردووه، به‌ڵام سووپاسی خودا ده‌كه‌م به‌رامبه‌ر یانه‌ی هه‌ولێر سه‌ركه‌وتوو بووین و بۆ یاریی داهاتووش به‌رامبه‌ر نه‌فتی به‌سره به كه‌متر له 3 خاڵی یارییه‌كه رازی نابین.