(بیرەوەری) پێرفۆرمانسێکی ڤیدیۆیی شانۆکاری کورد نیگار حەسیب قەرەداخی
K24 - ههولێر:
فیستیڤاڵی شەوی شانۆی ئەوروپا، بڕیار بوو لە ڕۆژی شەممە 20ـی نۆڤێمبەر له نهمسا بهڕێوه بچێت، شانۆكار نیگار حەسیب قەرەداخی به نیاز بوو به لابۆری شانۆی لالش بە پێرفۆرمانسی بیرەوەری بەشداری بکات، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاماری تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەم وڵاته، بۆ جاری چوارەم فیستیڤاڵهكه دواخرا.
شانۆكار نیگار حەسیب قەرەداخی له بارهی پێرفۆرمانسی بیرەوەری رایگهیاند،"سەرەتا بیرۆکەی ئەم پێرفۆرمانسە لەوەوە سەرچاوەی گرت، کە لەم فیستیڤاڵەدا سەرجەم بیرەوەرییەکانم لەگەڵ پێرفۆرمانسەکانی دوو ساڵی ڕابردووم بە مۆنتاژ و دەنگ و ڕەنگی جیاوازهوه لێکدابووهوه، بەڵام بەداخەوە بە هۆی ئەم بارودۆخەوە ناچاربووم کۆنسێپتی کارەکەم بگۆڕم و تێکست و ئاوازێکی نوێم بۆ هەڵبژارد، گرنگترین ئیفێکتی بەکارهاتوو باکگراوندی ڤیدیۆییەکانە، کە بریتییە لە شاشەیەکی زەردی سینەمایی"
گوتیشی: " مرۆڤ بیرەوەرییەکانی خۆی، خۆشی و ناخۆشیەکان، له شێوەی نامە و وێنە و پارچە ڤیدیۆیی کورت بۆ هەتا هەتایە هەڵدەگرێ، تا جار جارە بیانهێنێتەوە بەر دیدە و گیان بکاتەوە بەری ئەو ساتەوەختە بەسەرچووانە، هەندێکجار شتێک ڕوودەدا کە وەکو فیلم دێتە بەرچاومان".
شانۆکار نیگار حەسیب قەرەداخی ڕووداوەکانی ئەم دوو ساڵەی وەکو فیلمێکی کۆن دێتەوە بەرچاوی و مهبهستییهتی پەیوەندیەکی نوێ لە تەک ئەم ڕووداوانە دروست بکاتەوە و بە شێوەیەکی هونەری مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، بهو هیوایهی ئەم پڕۆژەیە لە ئایندەیەکی نزیکدا به لایڤ ئەنجام بگەیەنێت و ئەم بیرەوەریانە وەکو فیلمێک لە خەیاڵدا بمێننەوە و بارودۆخی تەندروستی لە سەرانسەری جیهاندا بەرە و باشی بڕوات و ژیانی مرۆڤ ئاسایی بێتەوە.
ئەو تێکستە لەم پێرفۆرمانسەدا بهكار هاتووه، بە زمانی لەناوچووی کۆنی سۆمەری و ئەکەدیە و پارچەیەکە لە داستانی گەلگامێش، کە ساڵانێکە هونەرمەند سەرقاڵی ئەم زمانەیە و زۆر جار لە پێرفۆرمانسەکانیدا لەتەک زمانە هونەریە دروستکراوەکەی خۆی، بەکاریدەهێنێت.