کۆمپانیایەکی رووسی کارگەی شووشەی ئەنبار بەگەڕ دەخات

دوو کاریگەی دیکەش دەکرێنەوە
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 – هەولێر

کۆمپانیایەکی رووسی کارگەی شووشەی ئەنبار بەگەڕ دەخات، کە پێشتر بڕیاربوو حکومەتی عێراق خۆی پڕۆژەکە جێبەجێ بکات.

فوئاد حەماد، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای شووشە و گەرماییەکانی پارێزگای ئەنبار لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئامادەکارییەکانی بۆ بەگەڕخستنی کۆمپانیاکانی ئەنبار دەستیپێکردووە، ئەوەش دوای رێککەوتن لەگەڵ یەکێک لە کۆمپانیاکانی رووسیا.

ئەو بەرپرسە رایگەیاند، کۆمپانیاکە سێ کارگە لە ئەنبار بەگەڕ دەخات، کە یەکەمیان کارگەیەکی شووشەیە لە شاری رومادی، دووەمیشیان کارگەیەکی سیرامیکە لە رومادی، سێیەمیشیان کارگەیەکی گەرماییە و کەوتووەتە شاری کەرەمە لە رۆژهەڵاتی ئەنبار.

 روونیشی دەکاتەوە، ژمارەی کرێکار و کارمەندانی کۆمپانیاکە 2074 کەس دەبێت و بەسەر سێ کارگەکە دابەشکراون.

ئاماژەی بەوەشدا، بە گوێرەی پلانەکان بڕیاربوو لە ساڵی 2008 کارکردن لەو سێ کارگەیە بە نوێترین تەکنەلۆژیای سەردەم دەستی پێکردبا و لە لایەن حکومەتەوە پارەدار کرابا، بەڵام دوای ئەوەی کۆنترۆڵکردنی لە لایەن رێکخراوی داعش لە ساڵی 2014 کارکردن پەکی کەوت و بەهۆی شەڕەوە زیانی زۆریان بەرکەوتووە.

ئەو بەرپرسە دەشڵێت، دوای کۆنترۆڵکردنەوەی ئەنبار، هەوڵەکانیان خستەگەڕ بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کارگەکان بە هاوکاری حکومی بەگەڕ بخەنەوە، بەڵام بەهۆی خراپی دۆخی دارایی وڵات ناچار بوون بە گوێرەی راسپاردەی حکومەت کارەکانی کارگەکان بۆ وەبەرهێنەرانی دەرەکی بخەنەڕوو، تاوەکو بێن و وەبەرهێنانی تێدا بکەن.