یەدەگ و کۆرۆنا، نرخی نەوت زیاتر دادەبەزێنن
K24 - هەولێر
بە کاریگەری مەترسییەکانی کەمبوونەوەی خواست، بەتایبەت دوای ئەوەی ژاپۆن رایگەیاند، یەدەگی نەوتی ستراتیژیان بەکاردەهێنن، هەروەها تەشەنەسەندنی کۆرۆنا لە ئەوروپا نرخی نەوت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ دووشەممەدا دابەزی.
نرخی نەوتی خاوی برێنت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆیدا بە رێژەی 0.16% بۆ 78.76 دۆلار دابەزی، هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش بە رێژەی 0.04% بۆ 75.91 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی.
فۆمیۆ کیشیدا سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن رایگەیاند، دوای داواکاری ئەمەریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرانبوونی نرخی نەوت ئامادەن نەوتی ستراتیژی وڵاتەکەیان بەکاربهێنن، کە هەریەکە لە ئەمەریکا و چینیش دەستیان بە بەکارهێنانی یەدەگی نەوتی ستراتیژی کردووە.
لە هەمان کاتدا مەترسییەکانی هەڵکشانی ژمارەی تووشبووان بە پەتای کۆرۆنا لە ئەوروپا کاریگەری لەسەر بازاڕی وزە کردووە و نرخی نەوتی دابەزاندووە، کە پێشبینی دەکرێت لێکەوتەی نەرێنی لەسەر گەشەی ئابووری وڵاتان هەبێت.