هەسەدە چەکدارەکانی داعش بە پارە بەردەدات

جگە لەو پارەی بۆیان دیارکراوە هەندێک پارەشیان وەک رەشوە داوەتە بەرپرسانی هەسەدە
ژمارەیەک لە چەکدارانی داعش لە یەکێک لە زیندانەکانی هەسەدە - ئەرشیف
ژمارەیەک لە چەکدارانی داعش لە یەکێک لە زیندانەکانی هەسەدە - ئەرشیف

K24 - هەولێر

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە بەرامبەر پارە چەکدارانی دەستگیرکراوی داعش بەردەدات.

رۆژنامەکە پشتی بە گوتەی دوو کەس بەستووە، کە پیشتر چەکداری داعش بوون و بەرامبەر هەشت هەزار دۆلار ئازاد کراون.

رۆژنامەی گاردیان ئاماژەی بەوەش کردووە، گرێبەستێک لەنێوان چەکدارانی داعش و هەسەدە واژۆ دەکرێت، کە جارێکی دیکە نەچنەوە ناو رێکخراوە تیرۆریستییەکان و ناوچەکانی هەسەدەش جێبهێڵن.

یەكێک لەو چەکدارانەی داعش کە لەلایەن هەسەدە ئازاد کراوە بەناوی ئەبو جەعفەر بە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی گوتووە، لە بەرامبەر ئازادکردنی جگە لەو 8 هەزار دۆلارەی وەک باج لێی سەندراوە. 22 هەزار دۆلاری دیکەشی وەک رەشوە (بەرتیل) داوەتە بەرپرسانی هەسەدە.

ئەو لە یەکێک لە خێزانێکی دەوڵەمەندی شاری رەقەیە، ساڵی 2019 لە شەڕی شاری باهۆز لەلایەن هەسەدە دەسگیر کراوە و دوو ساڵ لە زیندان بووە.

کەسێکی دیکە بەناوی ئەبو محەمەد، خەڵکی دێرەزورە، سەرپەرشتیاری یەکەیەکی داعش بووە لە شەڕی دژی هەسەدە، لە ساڵی 2014 بەشداری کردووە لە شەڕی کۆبانێ، ئەویش لە شەڕی باهۆز کەوتووەتە دەست شەڕڤانانی هەسەدە، بۆ ئازادکردنی 8 هەزار دۆلاری لێوەرگیراوە و 14 هەزاری دیکەشی وەک بەرتیل داوە.

بەگوێرەی ئامارەکان، 10 هەزار چەکداری داعش لە زیندانەکانی هەسەدە دان، کە 8  هەزاریان سووری و عێراقین و 2 هەزار چەکداری دیکەش بیانین.

گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دۆکیومێنتەکانی رەتکردوونەتەوە و دەڵێ" شتی وا نییە".