لە 10 مانگدا شەش پیاو لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە کوژراون

54 پیاوی دیکەش بە ھۆکاری کێشەی خێزانی خۆیان کوشتووە
توندوتیژی دژی پیاوان - ئەرشیف
توندوتیژی دژی پیاوان - ئەرشیف

K24 - سلێمانی

بەگوێرەی ئامارێکی یەکێتی پیاوانی کوردستان، تەنھا لە 10 مانگی رابردووی ئەمساڵدا شەش پیاو لە لایەن ھاوسەرەکانیانە کوژراون، ھاوکات 54 پیاوی دیکەش بە ھۆکاری کێشەی خێزانی خۆیان کوشتووە، سکرتێری یەکێتی پیاوانیش ئاشکرای دەکات، ئامارەکانی توندوتیژیش بەرامبەر بە پیاوان زیادی کردووە.

ماوەی چەند ساڵێکە ئامارەکانی کوشتن و توندوتیژی بەرامبەر بە پیاوانیش لە لایەن ئافرەتانەوە زیادیکردووە، رۆژانە چەندین پیاو سکاڵا دەگەیەننە بارەگای سکرتێری یەکێتی پیاوان لە سلێمانی، بۆ ئەوەی کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکرێت.

بورھان عەلی، سکرتێری یەکێتی پیاوانی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە 10 مانگی ئەمساڵ 54 حاڵەتی خۆکوشتنی پیاوان تۆمار کراوە، راستە خۆکوشتن دیاردەیەکی جیهانییە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە لە ساڵی 2012ـەوە لە بەرزبوونەوەدایە و رۆژ دوای رۆژ زیاد دەکات".

گوتیشی: "لەو ماوەیەدا شەش حاڵەتی کوشتنی پیاوان لەلایەن ژنانەوە تۆمار کراون، دوو لە حاڵەتەکان ژن راستەوخۆ پیاوەکانیان کوشتووە، ئەوانی تریش بە هاوکاری کەسانی دیکە کوژراون، کە ئەمەش زیادیکردووە، ساڵانی رابردوو لە 5 حاڵەت تێنەپەڕیوە".

ئەرکی تاک بە تاکی کۆمەڵگایە کە ھەوڵ بۆ ئەوە بدرێت خێزانەکان لەبەر یەک ھەڵنەوەشێن، بەڵام ھەندێک کات وانیشان دەدرێت ھاوسەرەکان ھەر یەکەیان لە سەنگەرێکی جیاوازن دژ بە یەکدی، کە ئەمەش ھۆکارێکە بۆ زۆربوونی رێژەی توندوتیژی خێزانی.

زاھیر زانا، پسپۆڕی دەروونی لەوبارەوە گوتی: "دەبێ رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بەو ئاراستەیە ئیش بکەن، کە بیر لە پتەوکردنی خێزان بکەنەوە، ناکرێ هەر کەسە و پەتێکی بە دەستەوەبێت و بۆ لای خۆی رابکێشێ".

هەر بەپێی ئامارەکانی یەکێتی پیاوانی کوردستان، لە ئەمساڵدا 463 سکاڵای توندوتیژی بەرامبەر بە پیاوان تۆمار کراوە، کە خۆی دەبینێتەوە لە دەرکردن و دەست بەسەردا گرتنی سامان و مووچە و رێگری لە بینینی منداڵ و پێنەدانی مافی پیاو لە لایەن ھاوسەرەکانیانەوە.