ھێمن ھەورامی: بژاردەی دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان عەیبەیە

"دەبێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە هی عێراق بشتربێت"

K24 - هەولێر

ھێمن ھەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، بژاردەی دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمان عەیبەیە بۆ ھەرێمی كوردستان، ئەو لایەنانەی بژاردەكەش دەخەنەڕوو پێویستە وەڵامی خەڵكی كوردستان بدەنەوە.

ھێمن ھەورامی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سەرەڕای هەموو تێبینییەکان هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق باشترین هەڵبژاردن بووە لە دوای ساڵی 2003، ناکرێ هەڵبژاردنێک بکات لەو هەڵبژاردنە باشتر نەبێت، یان هەڵبژاردن دوابخات، چونکە عێراق هەڵبژاردنی پێشوەختەشی ئەنجامداوە، بۆیە پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان ئەوەیان لەبەر چاوبێت، بۆ دیموکراسیەت و شکۆی هەرێمی کوردستان دەبێ هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت".

گوتیشی: "وەک سەرۆکایەتی پەرلەمان هەموو هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکان لەسەر خەت دەبین، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ یەک بکەین، بۆ دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکان".

ئاشکراشی کرد، بە نامەیەک داوا لە یونامی دەکەن، بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو یارمەتی تەکنیکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بدەن، کە پێشتر هەمان شت بۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کراوە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بکرێت.

هێمن هەورامی، راشیگەیاند: "وەک سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەرکی یاسایی و دەستووری خۆمان جێبەجێ دەکەین و زەمینەسازی دەکەین بۆ گفتوگۆی نێوان فراکسیۆنەکان، بەڵام بژاردەی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان عەیبەیە بۆ هەرێمی کوردستان، من باوەڕناکەم هیچ هێزێک خۆی لەو عەیبەیە بدات، هیوادارین بیانوو بە یەکتر نەگرن، ئەگەر بەو میکانیزمەی دوای ساڵی 2014 بۆ دروستکردنی کۆمسیۆن لەسەری رێککەوتوون، پێی رازی بن، ئەگەرنا دەتوانرێت میکانیزمی دیکە بدۆزرێتەوە".

سەبارەت بە پێشنیازی هەندێک لایەن بۆ کەمکردنەوەی کورسی پێکهاتەکان، جێگری سەرۆکی پەرلەمان گوتی: "هەر لایەنێک داوای کەمکردنەوەی کورسی پێکهاتەکان دەکات، دەبێ وەڵامبداتەوە، چونکە پێشێلی دوو یاسا دەکات، کە ئەوانێش یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2015ی پاراستنی مافی پێکهاتەکان، و یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2014 کە باس لە مسۆگەرکردنی مافی پێکهاتەکان دەکات لەناو کۆمسیۆن".