وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید نیگه‌رانییه‌ك ده‌گه‌یه‌نێته به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:
ئان لینده، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید له دیداره‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی كوردستان، نیگه‌رانی ده‌ربڕیوه له‌وه‌ی كه تا ئێستا شه‌ش هه‌زار هاووڵاتی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له سوید، داواكاری مافی په‌نابه‌رێتیان ره‌تكراوه‌ته‌وه، كه‌چی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، ئاماده نین وه‌ریانبگرنه‌وه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، له‌و چەند ساڵەی دوایی، 90 هه‌زار عێراقی روویان له وڵاتی سوید كردووه، له نێویاندا، شه‌ش هه‌زاریان داواكاری مافی په‌نابه‌رێتیان ره‌تكراوه‌ته‌وه، به‌و جۆره‌ش ده‌بووایه ئه‌و هاووڵاتییانه بگه‌ڕێندرێنه‌وه، به‌ڵام تا ئێستا هیچ هه‌نگاوێك له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراق و ھەرێمی کوردستان نه‌گیراوه‌ته‌به‌ر بۆ گه‌ڕاندنەوەیان.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان، به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان لای خۆیانه‌وه جه‌ختیان له‌وه كردووه‌ته‌وه، پێویسته هه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی كۆچبه‌ران ئاره‌زوومه‌ندانه بێ و ناكرێت به زۆره‌ملێ و ناچاركردنیان دیپۆرت بكرێنه‌وه، هه‌رێمی كوردستان به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌و رێگه‌یه‌دا نییه.
ئان لینده، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید ئێستا به سه‌ردانێك له هه‌رێمی كوردستانه و دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی به‌غدا، سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كرد و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای هه‌رێم كۆبووه‌وه.