عێراق توێژینەوە بۆ هاوردەکردنی گازی قەتەری و جەزائیری دەکات

به‌غدا پێویستی به‌ گازی زیاتره‌ بۆ ئەوەی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای پێ بەگەڕبخات
عێراق پێویستی به‌ گازی زیاتر هه‌یه‌
عێراق پێویستی به‌ گازی زیاتر هه‌یه‌

K24 - هه‌ولێر:

وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، تاوەکو ئێستا بەشێکی زۆری کەرتی کارەبا پەیوەستە بە هاوردەکردنی گازی سروشتی لە ئێرانەوە، بۆیە ئێستا لە توێژینەوەدان بۆ ئەوەی گازی سروشتی لە قەتەر و جەزائیره‌وه‌ هاوردەبکەن.

ئەحمەد عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، عێراق توێژنەوە بۆ هاوردەکردنی گازی سروشتی لە قەتەر و جەزائیر دەکات، بۆ ئەوەی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای پێ بەگەڕ بخات. کە نزیکەی سەدا 40ـی کارەبای عێراق لە رێگەی وێستگەکانی سووتەمەنی گازی سروشتییەوە کار دەکەن و نزیکەی 18 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن. لە کاتێکدا تاوەکو ئێستا خواستی ناوخۆی عێراق 35 هەزار مێگاواتە.

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەشڵێت، ئێستا بۆ بەگەڕخستنی وێستگەکان پشت بە گازی ئێرانی دەبەستن، کە لە رێگەیەوە 6500 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێت، بەڵام کەمبوونەوەی هاوردەی گاز لە ئێران کاریگەری ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا هەبووە.

ئاماژەی بەوەشدا، شاندێک لە وەزارەتی کارەبا بۆ تاوتوێکردنی قەرزە کەڵەکەبووەکان سەردانی ئێران دەکەن، کە قەرزەکانی هاوردەی گازی ئێران بە دوو ملیار و 600 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.