رێوشوێنه‌كانی هه‌ڵگرتنی چه‌ك لە هەرێمی کوردستان توند دەکرێن

لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای چەک کرا
بازاڕێکی فرۆشتنی چەک لە هەولێر - ئەرشیف
بازاڕێکی فرۆشتنی چەک لە هەولێر - ئەرشیف

K24 - هەولێر

لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 23/11/2021، پەرلەمانی کوردستان خۆیندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای چەک کرد و بەپێی ئەو پڕۆژەیاسایە بۆ هەڵگرتن و گواستنەوە، چاککردنەوە، کڕین و فرۆشتنی رێکاری توند دەگیرێتە بەر. لەگەڵ پەسەندکردنی یاسای نوێ، کۆنی ساڵی 1993 هەڵدەوەشێتەوە.

ئەو پڕۆژەیاسایە لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمە بۆ رێکخستنەوەی مۆڵەتپێدانی چەک و رێگریکردن لەو بێسەروبەریەی لە هەڵگرتی چەک هەیە، بەگوێرەی ئەم پڕۆژە یاسایە هەر کەسێک کە مۆڵەتی چەکی پێدەدرێت، دەبێت پشکنینی دەروونی بۆ بکرێت، هەروەها تەنها رێگە دەدرێت چەکی سووک لە ماڵان هەبێت.

پڕۆژەیاساکە لە حکومەتەوە بۆ پەرلەمان نێردراوە، لە 28 ماددە پێکهاتووە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، پڕۆژەکە دیاری دەکات کێ دەتوانێت چەک هەڵگرێت و چ جۆره‌ چەکێک هەڵدەگرێت، بەپێی داواکاریەکە دەگۆڕێت لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیە. مۆڵەتی گواستنەوەش گۆڕانکاری تێدا دەکرێت و ئەو شوێنانەی چەک دەفرۆشن یان چەک چاکدەکەنەوە رێکدەخرێنەوە.

رزگار عیسا سوار، ئەندامی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: "ئەو هاووڵاتییەی دەیەوێت مۆڵەتی چەک هەڵگرتنی پێبدرێت نابێ تەمەنی لە 21 ساڵ کەمتربێت، هەروەها دەبێ لە رووی دەروونی و جەستەییەوە گرفتی نەبێت و رابردووی خراپ نەبێت. بەو جۆرە هاووڵاتی رەنگە بۆی هەبێ مۆڵەتی پێبدرێت تەنها لە ماڵەوە چەکی هەبێت نەک بۆ دەرەوە. ئەوانەشی لە دامودەزگا ئەمنییەکان ئەرکیان هەیە بۆیان هەیە تەنها لەکاتی دەوام چەک هەڵگرن".

بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، هاووڵاتی ئاسایی کە بۆ کاری پاسەوانی داوای مۆڵەتی چەک دەکەن، دەبێت جۆری چەکەکە سووک بێت، بە هیچ جۆرێک رێگە نادرێت چەکی مامناوەند و قورس لە ماڵان هەبێت.

لەوبارەوە باڵامبۆ محەمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ: "لە پڕۆژەیاساکە جۆری چەکەکان دیاریکراوە، ئەگەر هاووڵاتییەک پێویستی بە چەک بێت، رێگەی پێدەدرێت چ جۆرە چەکێک هەڵگرێت. خەڵک هەیە چەکی جەنگی هەیە، پێویست ناکات ئەم جۆرە چەکانە لەناو ماڵ و کۆمەڵگە هەبن، بۆ پاراستنی هەر کەسێک پۆلێن کراوە مۆڵەتی چ جۆرە چەکێک دەدرێت".

روونیکردەوە: "دەبێ هەر کەسێک چەکی لە ماڵەوەبێت ئەو چەکە لە وەزارەتی ناوخۆ تۆمار کرابێت و مۆڵەتی پێدرابێت. کەسێک مەڕدار یان جووتیارە لە دەرەوەی شار دەژیت بۆی هەیە چەک هەڵگرێت، بەڵام دەبێ مۆڵەتی هەبێ".

یاسای هەڵگرتی چەکی ساڵی 1993 هەڵدەوەشێتەوە، لە دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای چەک، بەم یاسایە کار دەکرێت سزای توند بۆ ئەو کەسانە دیارکراوە، کە بێ مۆڵەت چەک هەڵدەگرن، سزاکەی لە دەستگیرکردن لە یەک ساڵ بۆ 3 ساڵە و بەپێی جۆر و کات و چەکەکەش دەگۆڕێت. سزای مادیش بەپێی تاوانەکە دەگۆڕێت، لە 500 هەزار دینار دەستپێدەکات تا سەرو 2 ملیۆن دینار. هەروەها مۆڵەتی کردنەوەی شوێنی کڕین و فرۆشتنی چەک لە شەش ملیۆن و شوێنی چاککردنەوەی چەکیش 2 ملیۆن دینارە.