میلیشیاکانی عێراق هەڕەشە لە پلاسخارت دەکەن

"خۆی دەردەخات هیچ ئاگاداری ساختەکاری هەڵبژاردن نییە"
جێنین ھێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان له‌ عێراق
جێنین ھێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان له‌ عێراق

K24 – هەولێر

لە دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقەوە، چەندین جارە میلیشیاکانی عێراق هەڕەشە لە جێنین ھێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان له‌ عێراق دەکەن.

مەحمود رەبیعی، گوتەبێژی میلیشیای عەسائیب ئەهلولحەق، لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیوویەتی "ئەو ژنەی درۆی بەدەمی مەرجەعی باڵاوە کرد، هیچ جێگەی سەرسوڕمان نییە، درۆ بۆ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بکات".

ئاماژەی بەوەشکردووە: "پلاسخارت وا خۆی دەردەخات هیچ ئاگاداری ساختەکاری هەڵبژاردن نییە".

لە بەرامبەردا کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتارەکەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە سەلمێنەری پاکی و بێگەردی هەڵبژاردن دەزانێت.

عیماد جەمیل، ئەندامی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێداوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، گوتارەکەی جێنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بەڵگەی پاکی و بێگەردی هەڵبژاردن دەسەلمێنێت.

ئاشکراشی کرد، سبەی پێنجشەممە، پڕۆسەی بەدەست ژماردنەوەی وێستگە تانەلێدراوەکان تەواو دەبێت، دواتر ئەنجامەکەی بۆ دەستەی دادوەری بەرزدەکرێتەوە و لەوێش 10 رۆژ یان کەمتری پێدەچێت، دوای پەسندکردنی پڕۆسەکە، کۆمسیۆن ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن رادەگەیەنێت.

ئێوارەی دوێنێ 23/11/2021، جێنین ھێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان له‌ عێراق، لە گوتارەکەیدا لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری رابردووی، بە پاک و بێگەرد پێناسەکرد.

لە چەند رۆژی رابردووشدا ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای عێراقی پەیامێکی هەڕەشە ئامێزی ئاراستەی پلاسخارت کرد.

ئەبو حوسێن حمێداوی، ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای عێراقی لە دوای کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان، لەو پەیامەدا بۆ پلاسخارت دەڵێ: "یان دەبێت هەموو لایەک لە سەقامگیریی و خۆشی سوودمەند بن، یان دەبێ هەمووان لێی بێبەش بن. دڵنیابن لەوەی گرەوکردنتان لەسەر پەراوێزکردنی گرووپێکی کاریگەر لە کۆمەڵگەی عێراقی بێهودە دەمێنێتەوە".

وەک لە پەیامەکەدا هاتبوو "ئەگەر شەڕێکی ناوخۆیی لە عێراق رووبدات، ئەوە لەلایەن بەرەی مقاوەمە لە پێشدا ئاگری شەڕەکە هەر یەک لە ئەمەریکا، ئیسرائیل و سعوودیە دەسووتێنێت. ئەمە پەیامێکی فەرمیی و بەرپرسانەیە، خۆشیان باش دەیزانن عێراقییەکان چ توانایەکیان لە گورز وەشاندن و هەژاندنی دەسەڵاتیان هەیە، بۆیە دڵخۆش و دڵنیا نەبن".