یەکێتی ئەوروپا پارە بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی بێلارووس تەرخان دەکات

"قبوڵ ناکەین کۆچبەرەکان بۆ مەرامی سیاسیی بەکاربھێندرێن"
کۆچبەران لە سنووری بێلارووس - پۆڵەندا - فۆتۆ: AFP
کۆچبەران لە سنووری بێلارووس - پۆڵەندا - فۆتۆ: AFP

K24 - هەولێر

سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا، رایگەیاند، یەکێتی ئەوروپا بڕی سێ ملیۆن و 500 ھەزار یۆرۆی بۆ گەڕانەوەی ئارەزومەندانەی کۆچبەران لە بێلارووسەوە تەرخان کردووە.

ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا لە میانی بەشداریی کردنی لە دانیشتنی پەرلەمانی ئەوروپا لە سترازبۆرگ، گوتارێکی پێشکەش کرد و لەبارەی کۆچبەرانی سنووری بێلارووس جەختی لەوە کردەوە، یەکێتی ئەوروپا لەلایەک لە ھەوڵی دابین کردنی ھاوکاریی مرۆیی دایه‌ و لەلایەکی دیکەوە لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوە و ترانزێت لە ناو ھەوڵێکی دیپلۆماتیی چڕدایە و ئاماژەی بەوە کرد کە لە نزیکەوە چاودێری قاچاخچێتی بە مرۆڤ و ھەڵسەنگاندن بۆ بژاردەکانی سەپاندنی سزا دەکەن.

گوتیشی: "بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەم ھەماھەنگییە لەگەڵ عێراق دەکەین، بەڵام ژمارەیەکی زۆری کۆچبەری دیکە کەوتوونەتە بۆسەوە. پێکەوە لەگەڵ دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کار لەسەر ئەوە دەکەین کە بیانگەڕێنینەوە بۆ ماڵەکانیان".

ئورسولا ڤۆن دێر لاین، ئاشکرای کرد، بڕی سێ ملیۆن و 500 ھەزار یۆرۆیان بۆ گەڕانەوەی ئارەزومەندانەی کۆچبەران تەرخان کردووە.

سەبارەت بە دۆخی سنووری نێوان بێلارووس و پۆڵەندا، گوتی: "لە قەیرانێکی کۆچ کردن زیاتر ھەنگاوێکە لەلایەن مینسکەوە بۆ ناسەقامگیر كردنی یەکێتی ئەورووپا".

لای خۆیەوە چارلز میشێل سەرۆکی کۆنسەی یەکێتی ئەوروپا، لە گوتارێکدا لە دانیشتەنەکەی پەرلەمانی ئەوروپادا، رایگەیاند: "بۆ رێگریی كردن لە کۆچی نایاسایی، گیان لەدەستدان، بەکارھێنانی کۆچبەران لەلایەن قاچاخچییەکانەوە، سوورین لەسەر کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی سنوورەکانمان. قبوڵ ناکەین کۆچبەرەکان بۆ مەرامی سیاسیی بەکاربھێندرێن. سەرکۆنەی ئەم جۆرە ھێرشانەی سەر سنوورە یەکێتی ئەوروپا دەکەین".

ژمارەیەک لەو کۆچبەرانەی لە سنووری بێلارووس – پۆڵەندا، گیریان خواردووە خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانن، هەفتەی رابردووش زیاتر لە 400 کۆچبەر بە هەماهەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی گەڕێندرانەوە هەولێر و بەغدا.

سەرچاوە: AA