سەنتەری توێژینەوە و راپرسی کوردستان24 دیدارێک لەبارەی داهاتووی عێراق و پێگەی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی رێکدەخات

دیدارەکە خوێندنەوە و گفتوگۆیەکی زانستی کراوە دەبێت، بۆ داهاتووی عێراق لەنێو چوارچێوەیەکی هەرێمی و جیهانیدا
لۆگۆی سەنتەری توێژینەوە و راپرسی کوردستان24
لۆگۆی سەنتەری توێژینەوە و راپرسی کوردستان24

 K24- هەولێر

سەنتەری توێژینەوە و راپرسی کوردستان24، دیدارێک لەژێرناوی "داهاتووی عێراق و پێگەی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی نوێدا" لە شاری سلێمانی رێکدەخات.

دیدارەکە کاتژمێر 3ی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە دەستپێدەکات، ژمارەیەک لە پسپۆڕان و شارەزایان بەشداری دەکەن، ئەم دیدارە خوێندنەوە و گفتوگۆیەکی زانستی کراوە دەبێت، بۆ داهاتووی عێراق لەنێو چوارچێوەیەکی هەرێمی و جیهانیدا.

رێکخستنی ئەم دیدارە لەلایەن سەنتەری توێژینەوە و راپرسی کوردستان24، لەکاتێکدایە لە 10/10/2021، هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بۆ خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران کراوە، بەڵام تائێستا بەشێک لەلایەنە شیعەکان دژی ئەنجامەکان بە ئەنجامدانی خۆپیشاندان فشاریان بۆ سەر کۆمسیۆن و لایەنەکان چڕکردووەتەوە، و ئەنجامەکانی کۆتایی هەڵبژاردنیش لەلایەن کۆمسیۆنەوە رانەگەیەندراوە و هیچ رێککەوتنێکیش بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق لە ئارادا نییە.

سەنتەری توێژینەوە و راپرسی کوردستان24، لە سەرەتای دروسبتوونی دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 هەیە، بەشێوەی زانستی توێژینەوە و راپرسی لەبارەی پرسە گشتییەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە دەکات. تائێستا چەند دیدارێکی دەربارەی بابەتە هەنوکەییەکان رێکخستووە.