حامید گه‌وهه‌ری: سووكایه‌تیكردن به‌ ئاڵای كوردستان له‌ سلێمانی په‌یوه‌ندی به‌ په‌روه‌رده‌كردنه‌وه‌ هه‌یه‌

"یه‌كێتی به‌رپرسه‌ له‌و په‌روه‌رده‌یه‌ی وای له‌ ژماره‌یه‌ك گه‌نج كردووه‌ سووكایه‌تی به‌ ئاڵای كوردستان بكه‌ن"

حامید گه‌وهه‌ری
حامید گه‌وهه‌ری

K24 - هه‌ولێر:

حامید گه‌وهه‌ری، چاودێری سیاسی رایگه‌یاند، سووكایه‌تیكردن به‌ ئاڵای كوردستان له‌ سنووری سلێمانی، په‌یوه‌ندی به‌و په‌روه‌رده‌كردنه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ یه‌كێتی پیاده‌ی كردووه‌، به‌ڵام له‌ هه‌ولێر و دهۆك شتی وا نه‌ك هه‌ر روونادات، به‌ڵكو پێشتر به‌هۆی سووكایه‌تیكردن به‌ ئاڵای كوردستان، خه‌ڵكی ئه‌و دوو پارێزگایه‌ خۆپیشاندانیان كرد.

حامید گه‌وهه‌ری گوتی: "ئاڵای كوردستان له‌ (17ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2009) به‌ یاسا له‌ په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ په‌سه‌ند كراوه‌، كه‌ نوێنه‌رایه‌تی زیاتر له‌ 40 ملیۆن كورد ده‌كات، ئه‌و ئاڵایه‌ هێمای شه‌هیده‌كانمانه‌، خه‌باتی زۆری بۆ كراوه‌".

گوتیشی: "ئاڵای كوردستان له‌ ساڵی 1927ـه‌وه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵایه‌ی خۆییبوونه‌وه‌ یه‌كه‌مجار هه‌ڵكراوه‌ و دواتر له‌ سه‌رده‌می كۆماری كوردستان له‌ مهاباد ناسێنراوه‌، كه‌ له‌لایه‌ن قازی محه‌مه‌ده‌وه‌ هه‌ڵكرا، له‌ژێر ئه‌و ئاڵایه‌دا چه‌ندین خه‌ڵكمان شه‌هید بووه‌".

حامید گه‌وهه‌ری ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، چه‌ندین جار سووكایه‌تی به‌ ئاڵای كوردستان كراوه‌، جارێك له‌ به‌غدا، جارێك له ‌كه‌ركووك و قامشلۆ، دووجاریش له‌ سلێمانی سووكایه‌تی پێكراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و سووكایه‌تیپێكردنه‌ ده‌ستی دوژمنانی له‌پشته‌، به‌ڵام په‌یوه‌ندی به‌و په‌روه‌رده‌كردنه‌وه‌شه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ له سنووری ده‌سه‌ڵاتی سلێمانی یه‌كێتی پیاده‌ی كردووه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، دوای رووخانی رژێمی سه‌دام، داواكرا ئاڵای عێراق له‌ پاڵ ئاڵای كوردستانه‌وه‌ هه‌ڵبكرێت، هه‌رچه‌نده‌ له هه‌ولێر و دهۆك ئه‌وه‌ نه‌كرا، به‌ڵام له‌ ئیداره‌ی سلێمانی ئاڵای سه‌رده‌می سه‌دام ده‌شه‌كایه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ بێڕێزیكردن به‌ ئاڵای كوردستان، حامید گه‌وهه‌ری ئاشكرای كرد، سووكایه‌تیكردن به‌ ئاڵای كوردستان ته‌نیا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتیدا رووده‌دات، نه‌مانبینیوه‌ له‌ هه‌ولێر یان دهۆك سووكایه‌تی به‌ ئاڵا بكرێت، ته‌نانه‌ت پێشتر كه‌ سووكایه‌تی به‌ ئاڵای كوردستان كرابوو، له‌ هه‌ولێر و دهۆكه‌وه‌ دژی ئه‌و ره‌فتاره‌ ناشیرینه‌ خۆپیشاندانیان كرد.

ئاشكراشی كرد، ئاڵای كوردستان له‌ ئێران، سووریا، توركیا قه‌ده‌غه‌یه‌، ته‌نانه‌ت له‌ناو كه‌ركووكیش هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان رێگه‌پێدراو نییه‌، ئه‌گه‌ر له‌ سلێمانی به‌و شێوه‌یه‌یه‌ ره‌فتار له‌گه‌ڵ ئاڵای كوردستان بكرێت، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌و په‌روه‌ردكردنه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ گه‌نجه‌كان والێده‌كات بێڕێزی له‌ ئاڵا بكه‌ن، مادام خه‌ڵك نه‌توانێت رێز له‌خۆی بگرێت، ناتوانێت به‌ مافی خۆی بگات.

دوێنی سێشه‌ممه‌ قوتابیانی زانكۆ و په‌یمانگه‌كانی سلێمانی بۆ داواكردنی ده‌رماڵه‌ ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی، به‌ڵام خۆپیشاندانه‌كه‌ به‌لارێدا بردرا و ژماره‌یه‌ك كه‌س بێڕێزییان به‌ ئاڵای كوردستانه‌وه‌ كرد.