وهزیری شههیدان: مووچەی هیچ بەرکەوتەیەکی چەکی کیمیاوی نەبڕاوە
K24- ههولێر:
وهزارهتی شههیدان و ئهنفالكراوان رایدهگهیهنێت، سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە لە هەندێک سایت و پەیجی تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوکراوەتەکە گوایە موچەی مانگانەی بەرکەوتووانی چەکی کیماوی بڕاوە یان دەبڕێت دوورن لە ڕاستییەوە.
لەو بارەیە عەبدوڵڵا حاجی مەحمود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان رایگەیاند، مانگانە لە کاتی خۆیدا موچەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی خەرج دەکرێت و هیچ یەکێک لەوانە موچەیان بۆ بڕاوەتەوە، رانەگیراوە.
روونیکردنەوە، لە ئێستادا لیژنەیەک لە دیوانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان پێکهاتووە بۆ رێکخستنەوەی سەرجەم دۆسیەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی و دوو لیژنەی وەزارەتی تەندرووستی لە پارێزگای هەولێر و سلێمانی بۆ پشکنین و دیاریکردنی رێژەی بەرکەوتەی چەکی کیمیاوی پێکهاتوون بۆ ئەوەی لە بەر ڕۆشنایی یاسای چاکسازی، پاکسازی لە دۆسییەکاندا بکرێت و کەسانی شایستە دیاریبکرێن تا ماف و ئیمتیازیان دیاری بکرێت و بەردەوامی پێبدرێت.
عەبدوڵڵا حاجی مەحمود جەختیکردەوە، بەرکەوتوانی چەکی کیمياوی ئەوانەی لە لایەن لیژنەکانی وەزارتمان و وەزارەتی تەندرووستی دۆسیە و پشکنینیان پشتڕاستدەکرێنەوە موچەکانیان بەردەوام دەبێت و دەفتەری چارەسەریان لە لایەن وەزارەتی تەندرووستییەوە بۆ دروست دەکرێت، هەر کەسێکیش بەرکەوتووی چەکی کیماوی نەبێت بەپێی یاسا و رێنماییەکان نابێت ماف و ئیمتیازاتی بەرکەوتەی پێبدرێت .