پلاسخارت: ئه‌مڕۆ یاخوود سبه‌ی پرسه دیموكراتییه‌كان له عێراق جێبه‌جێ ده‌كرێن

K24 – هه‌ولێر:
جێنین ھێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان له عێراق، هۆشداری له‌باره‌ی ده‌ستێوه‌ردان له ده‌نگه‌كانی به ده‌ستهاتوو و یاخوود دواخستنی راگه‌یاندنی ده‌ره‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنی تشرینی یه‌كه‌م دا.
پلاسخارت رایگه‌یاند، ناكرێ له ژێر چه‌تری هه‌ڕه‌شه و تووند و تیژی، ده‌ستكاری ده‌ره‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن بكرێت، پێویسته عێراقییه‌كان شانازی به ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی تشرینی یه‌كه‌م بكه‌ن.
نوێنه‌ری تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له عێراق راشیگه‌یاند، دواین هه‌ڵبژاردنی عێراق به‌ئاسانی رێك نه‌خرا، چونكه له نێو حاڵه‌ته‌كانی ترس و دڵه‌ڕاوكێی و كووشتن و رفاندن ئه‌نجامدرا، جیا له‌وه‌ش سه‌دان عێراقی بوون به قوربانی كاری تووند و تیژی.
پلاسخارت روونیكرده‌وه، ئه‌مڕۆ بێت یاخوود سبه‌ی، پرسه دیموكراتییه‌كان له عێراق جێبه‌جێ ده‌كرێن، ترس و تیرۆر كۆتایی دێت، ناكرێت ده‌ستبه‌رداری پره‌نسیپه دروسته‌كان ببین.
پلاسخارت جه‌ختیكرده‌وه، هه‌وڵدان بۆ تیرۆركردنی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی ده‌ره‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن، كاری نادروستن، به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری عێراق، ساخته‌كاری له هه‌ڵبژاردن نه‌كراوه.