ژاپۆن و کۆریای باشوور بە هەماهەنگی ئەمه‌ریکا ملیۆنان بەرمیل نەوتی یەدەگ بەکاردەهێنن

"یەدەگی ستراتیژی نەوتی کۆریای باشوور بە 97 ملیۆن بەرمیل دەخەمڵێندرێت"
ژاپۆن و کۆریای باشوور بە هەماهەنگی ئەمه‌ریکا ملیۆنان بەرمیل نەوتی یەدەگ بەکاردەهێنێنن
ژاپۆن و کۆریای باشوور بە هەماهەنگی ئەمه‌ریکا ملیۆنان بەرمیل نەوتی یەدەگ بەکاردەهێنێنن

K24 - هه‌ولێر:

ئەمه‌ریکا لەگەڵ هەریەک لە وڵاتانی چین و ژاپۆن و کۆریای باشوور و هیندستان و بەریتانیا، بەرەیەکیان لە دژی وڵاتانی ئۆپێک پڵەس پێکهێناوە، مەبەست لەو بەرەیەش، دەیانەوێت لەرێگەی بەکارهێنانی نەوتی یەدەگ خواست بۆ نەوت کەم بکەنەوە تاوەکو وڵاتانی ئۆپێک پڵەس ناچار بن ئاستی بەرهەمهێنانیان بەرزبکەنەوە بۆ ئەوەی نرخەکەی دابەزێت، بەڵام سەرەڕای هەوڵەکان و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بەڵام ئەم هەوڵانە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر بازاڕی وزەدا نەبووە.

فۆمیۆ کیشیدا سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمه‌ریکا بەشێک لە نەوتی یەدەگی وڵاتەکەی بەکاردەهێنن، بەو مەرجەی پێشێلی یاسا نەبێت.

کیشیدا بۆ میدیاکان رایگەیاند، وەزیری پیشەسازی، وردەکاری زیاتر لەبارەی بەکارهێنانی بڕی دیاریکراو بڵاو دەکاتەوە، کە ئامانجیانە گوشار بۆ سەر وڵاتانی هەناردەکاری نەوت دروستبکەن تاوەکو ئاستی هەناردەیان زیادبکەن و نرخی نەوت دابەزێنن.

بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی نیکی ژاپۆنی بڕیارە حکومەتی ژاپۆن لە زیادکردنی ئاشکرا نزیکەی 4 ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل لە یەدەگی ستراتیژی نیشتمانییەکەی بفرۆشێت.

بە هەمان شێوە کۆریای باشووریش رەزامەندی دەربڕیووە بۆ ئەوەی بە دەم داواکارییەکەی ئەمه‌ریکا بێت و بەشێک لە یەدەگی نەوتی بەکاربهێنێت.

لەو بارەیەوە وەزارەتی پیشەسازی کۆریای باشوور وردەکاری لەبارەی قەبارە و بەرواری بەکارهێنانی نەوتی ستراتیژییەکەی نەکردووە و دوای تاوتوێکردن لەگەڵ ئەمه‌ریکا و هاوپەیمانەکانی دیکەیان بڕیار لە وردەکارییەکەی دەدەن.

یەدەگی ستراتیژی نەوتی کۆریای باشوور بە 97 ملیۆن بەرمیل دەخەمڵێندرێت و بەشی بەکارهێنانی نزیکەی 106 رۆژی دەکات.

ئەم هەوڵەی ژاپۆن دوای راگەیاندنی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمه‌ریکا دێت، بەوەی ملیۆنان بەرمیل نەوتی یەدەگی بۆ دابەزاندنی نرخی نەوت بەکاردەهێنن.

ئیدارەی کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەو هەوڵەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ چین و هیندستان و کۆریای باشوور و ژاپۆن و بەریتانیا دەبێت، بە تایبەت دوای ئەوەی بەرهەمهێنەرانی ئۆپێک پڵەس رەتیان کردەوە کە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیان زیاد بکەن.

جێنیفەر گرانهولم وەزیری وزەی ئەمه‌ریکا رایگەیاند، چاوەڕوان دەکەن لە چەند هەفتەی داهاتوودا نرخی بەنزین لە ئەمریکا دابەزێت، هۆکارەکەشی بۆ بەکارهێنانی یەدەگی نەوتی وڵاتەکەی گەڕاندەوە.