ئيسرائیل له "دیارییه‌كی" ئه‌مه‌ریكا بۆ ئێران نیگه‌رانه
K24- هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" له راپۆرتێكدا بڵاویكرده‌وه، به‌رپرسانی ئیسرائیل داوایان له ئیداره‌ی جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كردووه، نه‌چێته ژێر باری رێككه‌وتنێكی به‌شی له‌گه‌ڵ ئێران، هۆشداری ئه‌وه‌شیان پێداوه، كه "ئه‌م هه‌نگاوه ده‌بێته "دیارییه‌ك" بۆ حكومه‌ته توندڕه‌وه‌كه‌ی تاران".
رۆژنامه‌ی ناوبراو له‌سه‌ر زاری ژماره‌یه‌ك گه‌وره به‌رپرسی ئیسرائیلی گواستییه‌وه، ئه‌وان زۆر نیگه‌رانن له‌وه‌ی كه واشنتن رێگه بۆ واژۆكردنی رێككه‌وتنێكی به‌شی خۆش ده‌كات، كه سزاكانی سه‌ر تاران كه‌م ده‌كاته‌وه به‌رامبه‌ر به كه‌مكردنه‌وه‌ی چالاكییه ئه‌تۆمییه‌كانی یانیش پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی كۆماری ئیسلامی له به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی.
به‌رپرسانی ئیسرائیلی به‌و رۆژنامه‌یه‌یان راگه‌یاندووه، "هه‌نگاوی له‌مشێوه‌یه زیانی زۆری ده‌بێت و ته‌نها سوودی بۆ حكومه‌ته‌كه‌ی تاران ده‌بێت".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌و رۆژنامه‌یه چه‌ند زانیارییه‌كی له‌سه‌ر زاری ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی ئه‌مه‌ریكای له‌وباره‌یه‌وه بڵاوكردووه‌ته‌وه و گوتوویانه: له ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی حكومه‌تی نوێی ئێران گه‌ڕانه‌وه بۆ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمیی ره‌تكرده‌وه، ئه‌وان چه‌ندین بژارده‌یان تاوتوێ كردووه، كه په‌یوه‌ندییان به چۆنیه‌تی مانه‌وه له‌سه‌ر بژارده‌ی دیپلۆماسی هه‌یه. به‌ڵام جه‌ختیان له‌وه‌ش كردووه‌ته‌وه، ئه‌وان تا ئیستا هیچ پێشنیازێك یان ده‌ستپێشخه‌ریه‌كی نوێیان نه‌خستووه‌ته به‌رده‌م ئێرانییه‌كان.
H.B