واشنتن: سبه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی تاڵیبان له ده‌وحه كۆده‌بینه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
تۆماس ویست نێرده‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئه‌فغانستان رایگه‌یاند، به مه‌به‌ستی كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان، سبه‌ی شه‌ممه 27ـی نۆڤێمبه‌ر سه‌ردانی ده‌وحه ده‌كات.
له‌مباره‌یه‌وه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ تاڵیبان تایبه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان ده‌بێت.
ئه‌میرخان موته‌قی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی تاڵیبان رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا گفتوگۆ له‌باره‌ی هه‌ڵگرتنی كۆتوبه‌ندی پاره بلۆكراوه‌كانی ئه‌فغانستان له‌ده‌ره‌وه ده‌كه‌ین.
موته‌قی راشیگه‌یاند، تاڵیبان ده‌یه‌وێت لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له‌گه‌ڵ واشنتن بكاته‌وه، بۆیه بڕیار وایه سبه‌ی شه‌ممه 27ـی نۆڤێمبه‌ر له‌گه‌ڵ شاندێك بگه‌ن به ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر، بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری ئه‌مه‌ریكا و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسانی یه‌كێتی ئه‌وروپا.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌فغانستان رایگه‌یاند، به‌یاوه‌ری به‌رپرسانی ئه‌منی و دیپلۆماسی سه‌ردانی ده‌وحه ده‌كه‌ن، به مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی دیدار‌و كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ تۆماس ویست و ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانی یه‌كێتی ئه‌وروپا تایبه‌ت به چه‌ند دۆسییه‌یه‌كی گرنگی ئه‌فغانستان.