هه‌ولێر.. بۆ یه‌كه‌مجار سه‌نته‌رێكی تایبه‌ت به چاره‌سه‌ری ئاڵووده‌بووانی مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌كرێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له رێی وه‌به‌رهێنانی كه‌رتی تایبه‌ته‌وه، بۆ یه‌كه‌مجار پڕۆژه‌ی درووستكردنی سه‌نته‌ری چاره‌سه‌ركردنی ئاڵووده‌بووانی مادده‌ی هۆشبه‌ر جێبه‌جێ ده‌كات.
پڕۆژه‌ی سه‌نته‌ری چاره‌سه‌ری ئاڵووده‌بووانی مادده‌ی هۆشبه‌ر یه‌كه‌مجاره له هه‌رێمی كوردستان بنیاتبنرێت.
تا ئێستا كه‌سانی ئاڵووده‌بوو به مادده‌ی هۆشبه‌ر وه‌ك تاوانبار مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و ده‌ستگیر ده‌كرێن، به‌ڵام به دامه‌زراندنی ئه‌و سه‌نته‌ره ئاڵووده‌بووان وه‌ك نه‌خۆش ده‌خرێنه ژێر چاره‌سه‌ری ته‌ندرووستییه‌وه و كار بۆ چاره‌سه‌ركردن و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ژیانی ئاسایی ده‌كرێت.
پڕۆژه‌كه، بیرۆكه‌ی وه‌به‌رهێنه‌ری ناوخۆییه و دوای ره‌زامه‌ندی ئاسایش به‌رزكراوه‌ته‌وه بۆ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر دراوه و وه‌زاره‌تی شاره‌وانی 20 هه‌زار مه‌تر دووجا زه‌وی بۆ ته‌رخان كردووه.
بڕیاره پڕۆژه‌كه سه‌نته‌ری چاره‌سه‌ری پزیشكی و شوێنی مانه‌وه و وه‌رزش و راهێنان و دووباره په‌روه‌رده‌كردنه‌وه بگرێته‌وه.
ئه‌و سه‌نته‌ره له ژێر سه‌رپه‌رشتی ئاسایشی گشتیی و به هاوبه‌شی هه‌ریه‌ك له وه‌زاره‌ته‌كانی ته‌ندرووستی، كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده چاودێری ده‌كه‌ن.
له‌و باره‌یه‌وه، ئیبراهیم ئیدریس باپیر، سه‌رۆكی بۆردی كۆمپانیای داڤینشی، كه پڕۆژه‌كه‌ی پێشنیاز كردووه، به سایتی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی راگه‌یاندووه، ئێستا هه‌موو رێكاره‌كان ته‌واو بوون و بڕیار وایە بەم زووانە ده‌ست به دروستكردنی باڵه‌خانەکەى بکەین.
گوتیشی: پێویستە ئه‌و كه‌سانه‌ی ئاڵووده بوونه و ئه‌و هه‌ڵه‌یان كردووه، شوێنێك هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر وه‌ربگرن.
هه‌روه‌ها گوتی: له ماوه‌ی سێ مانگدا تووشبوو ده‌توانێت به سوودوه‌رگرتن له چاره‌سه‌رییه‌كان جه‌سته‌ی خۆی له مادده‌ی هۆشبه‌ر پاك بكاته‌وه.