دیندار زێباری: حکومەتی هەرێم پشتگیری لە داواکانی قوتابیان دەکات بەشێوەیەکی هێمنانە و دوور لە توندوتیژی

"پێویسته‌ خۆپیشاندەران بەشێوەیەکی ئاشتیانە گوزارشت لە داواکانیان بکەن و هیچ لایەك پەنا نەباته‌ بەر توندوتیژی"
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هه‌ولێر:

د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی هەرێم پشتگیری لە گشت داوا رەواکانی هاووڵاتیان دەکات، لە هەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبەت بە خۆپیشاندان هەیە یاسای (رێکخستنی خۆپیشاندان) ژمارە (11)ی ساڵى (2010)، بەپێى ئەم یاسایە خۆپیشاندان مافێکى یاسایى و دەستوورییە، بەپێی ئەم یاسایە هەر خۆپیشاندانێک لە هەرێمى کوردستان ئەنجامبدرێت، پێویستە پێشتر مۆڵەت وەربگیرێت و دەزگا ئەمنییەکانیش لەلایەن خۆیانەوە ئەرکی پاراستنی خۆپیشاندەران و ماڵ و موڵکی گشتی ئەستۆ دەگرن لە کاتی ئەنجامدانی خۆپیشاندان.

سەبارەت بە رووداوەکانی ئەم دواییەی سلێمانی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: بەپێی بەدواداچوونمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای سلێمانی، رۆژی 21/11/2021 لە پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین و چەند شوێنێکی دیكه‌، ژمارەیەک قوتابی زانکۆ و پەیمانگاکان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. داواکاریی سەرەکیی خۆپیشاندەران بریتی بووە لە خەرجکردنی دەرماڵەی قوتابیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە و پێشتر لایەنە پەیوەندیدارەکانیان لە نارەزایەتییەکانیان ئاگادار کردووه‌تەوە، بەڵام مۆڵەتی فەرمییان نەبووه‌.

گوتیشی: بە گوێرەی سەرچاوە فەرمییەکان، لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکان زیان بەر بەشێک لە ماڵ و موڵکی گشتی و بارەگای حزبەکان کەوتووە و هەندێک شوێن سووتاوە، خۆشبەختانە تا ئێستا هیچ قوربانییەکی گیانی نەبووە، بەڵام چەند کەسێک بریندار بوون لە کارمەندانی پۆلیس و خۆپیشاندەران و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە، لە هەمان کاتدا لیژنەی بەدواداچوون پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە و ئەو کەسەی توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران ئەنجامداوە، دەستگیر کراوە.

دیندار زێباری سەبارەت بە رێكاری لایەنە ئەمنییەکان و هەڵوێستیان بەرامبەر بە خۆپیشاندەران ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەرکی سەرشانی خۆیان ئه‌نجام داوه‌، کە بریتییە لە پاراستنی ئارامی خۆپیشاندانەکان و پشتیوانیکردن لە داوا رەواکانیان بەشێوەیەکی مەدەنی، لەلایەکی دیکەوە زانکۆ و دامەزراوە فەرمییەکان پشتیوانی لە داوای قوتابیان دەکەن و داوا دەکەن، کە خۆپیشاندەران بەشێوەیەکی ئاشتیانە گوزارشت لە داواکانیان بکەن و هیچ لایەک پەنا نەبەنە بەر توندوتیژی.

لە هەرێمی کوردستان ساڵانە زیاتر لە (150) هەزار قوتابی سوودمەند ده‌بوون لە دەرماڵەی خوێندن، کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بەپێی شوێنی جوگرافییان پێیانده‌درا، بە هۆی قەیرانی ئابووری و بڕینی بودجە و موچەی هەرێم لەلایەن بەغدا و شەڕی داعشەوە، ئەو دەرماڵەیە راگیرابوو، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران رۆژی 24/11/2021، بڕیار درا بودجەیەکی تایبەت بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا تەرخان بکرێت، بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتی بەشە ناوخۆییەکان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و ھاوکاریکردنی قوتابیان و خوێندکارانی کەم دەرامەت.