ئێران ئاو لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

"کشتوکاڵی گەرمیان و سلێمانی مەترسی نەمانی ئاوی لەسەرە"

K24 - هه‌ولێر:

ئێران سەرچاوەی ئاوەكانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و ئەمەش كاریگەری لەسەر بەشێك لە سەرچاوەكانی ئاوی ھەرێمی كوردستان دروستدەكات، بە تایبەتی لە بواری كشتوكاڵكردن لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی وەك پێویست ئاو نابێت بۆ بەرھەمە كشتوكاڵییەكان. بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی كوردستان رایگه‌یاند، كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان پلانی درێژخایەنی ھەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئاو لە ھەرێمی كوردستان.

ئێران سەرجەم ئەو سەرچاوانە دەگرێتەوە، کە ئاو بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان دابین دەکەن، ئه‌مه‌ش کاریگەری لەسەر بەروبومی کشتوکاڵی لە بەشێک لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان دەبێت، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، گرتنەوەی سەرچاوەکانی ئاو لەلایەن ئێرانەوە کاریگەری لەسەر تەواوی ھەرێمی کوردستان نابێت، بەڵام کاریگەری لەسەر بەشێک لە ناوچەکانی گەرمیان و پارێزگای ھەڵەبجە دروست دەکات، لەگەڵ ئەوەش کاریگەری لەسەر ئاوی ژێر زەوی دەبێت.

نزار مەلا غەفار، ئه‌ندامی لیژنەی شارەوانیی پەرلەمانی کوردستان ئاشكرای كرد، چەند پێشنیازێک دەخەنە بەردەم وەزارەتی شارەوانی، بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی بەھۆی دروستبوونی گرتنەوەی ئاو لەلایەن ئێرانەوە لە ھەرێمی کوردستان دروست دەبێت، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، پڕۆژەیاسایه‌ك بۆ پاراستنی سامانی ئاو و گلدانەوەی ئامادە دەکەین.

حکومەتی ھەرێمی کوردستان پلانێکی ستراتیجی داناوە بۆ دروستکردنی بەنداوی گەورە و بچوک لەسەر رووبار و زێیەکان، بۆ ئەوەی ئاوی پێویست گل بداتەوە بۆ وەرزی گەرما و پێویستییەکانی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان، بەپێی ماستەرپلانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، دەبێت 240 بەنداو لە ساڵانی داھاتوودا دروست بکرێن، ئێستا لە ھەرێمی کوردستان 17 بەنداو ھەن، کە توانای گلدانەوەی زیاتر لە 10 ملیار مەتر سێجا ئاویان ھەیە.