کۆچبەرێکی گەڕاوە لە بێلاڕووس: شەڕی دەروونیان لەگەڵ دەکردین

240 کۆچبەری دیکە لە بێلاڕووس گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر

بەرەبەیانی ئەمڕۆ 240 کۆچبەری دیکە لە بێلاڕووس لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان. ژمارەیەک لە کۆچبەرەک چیرۆکە تراژیدییەکان دەگێڕنەوە.

رێناس عەلی، پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر رایگەیاند: "بە هەوڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە هاوکاری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، 420 کۆچبەری دیکە لە بێلاڕووس گەڕانەوە هەرێمی کوردستان".

یەکێک لە کۆچبەرە گەڕاوەکان کە خەڵکی قەزای دەربەندیخانە، چیرۆکی خۆی دەگەڕێتەوە و بە کوردستان24ی گوت: "دوای گەیشتنم بە بێلارووس، لە مینسکی پایتەخت، کەلوپەلی پێویستم کڕی و بەرەو جەنگەڵ بەڕێکەوتم، چوار رۆژ لەوێ بووم، دواتر منیش لەگەڵ لێشاوەکە بەرەو سنوور رۆیشتم".

گوتیشی: "پۆلیسی بێلارووس شەڕی دەروونیان لەگەڵ دەکردین، جاری وا هەبوو بە زۆر وایان لێدەکرین تەلەکانی سنووری پۆڵەندا بقرتێنین، ئێمەش پۆلیسی پۆڵەندامان ئاگادار دەکردەوە کە بە زۆر پێمان دەکرێت".

ئەو کۆچبەرە باس لەوە دەکات، هۆکاری دەرنەچوونیان لە بێلارووسیا بۆ پۆڵەندا ئەو لێشاوە بووە کە بەرەو سنوور رێکخرا، دەڵێ: "کاتێک ئەو لێشاوە بەرەو سنوور هات، حکومەتی پۆڵەندا 11 هەزار پۆلیسی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، هیچ رێگەیەک نەما بۆ دەرچوون".

یەکێکی دیکە لە کۆچبەرە گەڕاوەکان کە خەڵکی پارێزگای سلێمانییە، لە فڕۆکەخانەی هەولێر بۆ کوردستان24 دوا و گوتی: "بارودۆخی کەسمان لەوێ باش نەبوو، رەفتاریان زۆر خراپ بوو لەگەڵمان، سوکایەتیان پێدەکردین و نانیان پێ نەدەداین، بەتایبەتی بە گەنجەکان".

کۆچبەرێکی دیکەی گەڕاوە دەڵێ: "لە بێلاڕووس دەیانویست ئێمەی گەنج برسی و بێزار بکەن، بۆ ئەوەی بە گژ سنووری پۆڵەندامان بنێنن و دژی پۆڵەندا بەکارمان بهێنن، پۆلیسی بێلارووس و لیتوانیا زۆر خراپ بوون لەگەڵ کۆچبەران و خەڵکیان ئازار دەدات".

ئاماژە بەوەدەکات، کە 28 رۆژ لە دارستانەکانی سەر سنووری بێلاڕووس بووە، برسیەتی و ئازاری زۆری بینیووە.