"یانه‌ی هه‌ولێر له‌ دابه‌زین بۆ خولی پله‌یه‌كی عێراق رزگاری بوو"

ته‌ها قادر سكرتێری یانه‌ی هه‌ولێر
ته‌ها قادر سكرتێری یانه‌ی هه‌ولێر

ده‌سته‌ی كارگێری ئێستای یانه‌ی هه‌ولێر به‌ پشتگیری پارێزگاری هه‌ولێر توانیان یانه‌كه‌ له‌ دابه‌زین بۆ خولی پله‌یه‌ك رازگار بكه‌ن و كۆتاییان به‌ كێشه‌ی راهێنه‌ری گۆڵپارێزانی پێشووی یانه‌كه‌ هێنا، به‌ڵام به‌ گوته‌ی خۆیان له‌به‌رده‌م چه‌ندان كێشه‌ی دیكه‌ی كه‌ڵه‌كه‌بوودان.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، 27 نۆڤێمبه‌ری 2021، یانەی هەولێر له‌ راگه‌یاندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ کۆتاییان بە کێشەی راهێنەری گۆڵپارێزانی پێشووی یانه‌كه‌ (جه‌لیل زێدان) هێنا كه‌ پێشتر گرێبەستێكی به‌ به‌های 110 دیناری عێراقی لە ساڵی 2014 لەگەڵ یانەی هەولێر هه‌بوو تا ئێستا پاره‌كه‌ی وه‌رنه‌گرتبوو، سكاڵای له‌ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و ئاسیا تۆمار كرد بوو، ئه‌گه‌ر یانه‌ی هه‌ولێر به‌منزیكانه‌ ئه‌م قه‌رزه‌ی نه‌دابایه‌وه‌ یانه‌كه‌ بۆ خولی پله‌یه‌كی عێراق داده‌به‌زی.

ته‌ها قادر سكرتێری یانه‌ی هه‌ولێر له‌ لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند كه‌ یانه‌ی هه‌ولێر به‌ پشتگیری دارایی پارێزگاری هه‌ولێر و به‌ هه‌وڵی عه‌بدولخالق مه‌سعوود سه‌رۆكی فیدراسیۆنی پێشووی تۆپی پێی عێراق توانیان جه‌لیل زێدان رازیبكه‌ن به‌ لێخۆشبوونی له‌ 40 ملیۆن دینار و له‌ به‌رامبه‌ردا به‌ پێدانی 70 ملیۆن دینار سكاڵایه‌كه‌ی بكشێنێته‌وه‌ و كێشه‌كه‌ی چاره‌سه‌ر كرا.

ته‌ها قادر به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند كه‌ قه‌رزێكی زۆر له‌سه‌ر یانه‌كه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌، له‌ داهاتووشدا چه‌ندان به‌ربه‌ستی دیكه‌ دێته‌ پێشیان، له‌ ئێستا یانه‌كه‌ 99 ملیۆن دیناری هۆتێل وڵات قه‌رزدار كه‌ له‌ شاری هه‌ولێره‌، كه‌ پێشتر له‌ نێوان ساڵانی 2014 و 2015 و 2016 یاریزانه‌كان تێیدا خه‌وتوون و ماونه‌ته‌وه.

سكرتێری یانه‌ی هه‌ولێر له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان ده‌توانن داهاتی یانه‌كه‌ زیاد بكه‌ن، به‌ڵام ده‌سته‌ی كارگێری پێشووی یانه‌كه‌ قاسه‌یه‌كی به‌تاڵیان بۆجێهێشتوون له‌گه‌ڵ قه‌رزێكی گه‌وره‌ی كه‌ڵه‌كه‌بوو.

ته‌ها قادر گوتیشی: یه‌كێك له‌ سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانی یانه‌ی هه‌ولێر كافتریا و چێشتخانه‌ی توده‌یه‌، كه‌چی گرێبه‌ستێكی له‌گه‌ڵ كراوه‌ و پاره‌ی 2022 و 2023 به‌ پێشه‌كی وه‌رگیراوه‌، جگه‌ له‌وه‌ش ‌گرێبه‌ستی تابلۆ مۆڵ به‌شێوه‌یه‌ك ناڕوون و ئاڵۆزه‌، مه‌گه‌ر ته‌نیا حكوومه‌ت و دادگا بۆمان یه‌كلایی بكاته‌وه‌.

ته‌ها قادر ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوو له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا سه‌رجه‌م راستی و كێشه‌ و گرفته‌كانی یانه‌ی هه‌ولێر بۆ حكوومه‌ت و ڕای گشتی بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه‌.

له‌ رۆژی 7ـی ئه‌م مانگه‌، هه‌ڵبژاردن بۆ ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی هه‌ولێر كرا، له‌ كۆی 9 به‌ربژێر ته‌نیا دوو كه‌س له‌ ئه‌ندامانی پێشووی ده‌سته‌ی كارگێری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌رچوون و 7 كه‌سی نوێ هاتنه‌ نێو ستافی ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی هه‌ولێر، عه‌بدوڵڵا مه‌جید سه‌رۆكی پێشووی یانه‌ی هه‌ولێر یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه‌ی زۆرترین ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام دوو رۆژ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان، وازهێنانی خۆی له‌ یانه‌ی هه‌ولێر راگه‌یاند.

جه‌لیل زێدان راهێنه‌ری گۆڵپارێزه‌كانی یانه‌ی هه‌ولێر و هه‌ڵبژارده‌ی عێراق
جه‌لیل زێدان راهێنه‌ری گۆڵپارێزه‌كانی یانه‌ی هه‌ولێر و هه‌ڵبژارده‌ی عێراق