یادگاریەکانی شەوکەت شێخ یەزدین لە گوتەکانی مەسرور بارزانیدا

Kurd24

وەبیرمە وەکی هەنوکە، ساڵی 2004، کە شەهید شەوکەت شێخ یەزدین (وەزیری کاروباری ئەنجوومەنی وەزیران) ئەو شوێنەی بەسەر کردەوە، ئەوکات تەنیا بەردی بناغەی داندرا بوو، ئەمڕۆ "مەسرور بارزانی" لە هەمان شوێن لەگەڵ قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکان کۆبووه‌وە، ئەوکات ئەو شوێنە دەشتێکی کاکی بە کاکی بوو، بەڵام ئێستا بەشێکی ناوخۆیی مۆدێرنە، کە دەیان قوتابی لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان دەحەوێنێتەوە.

ئەوکات من پەیامنێری "کوردستان تی ڤی" بووم و بۆ زۆربەی کار و چالاکییەکان لە خزمەت کاک شەوکەت-دا دەبووم، لێم پرسی کاک شەوکەت بەو دنیا تەڕە و قوڕە بۆ ئێرەت هەڵبژارد؟ خۆ دەکرا رۆژەکی دیکە بێینەوە، ئه‌و گوتی "ئەگەر رۆژێکی دیکەمان نەبوو!"، ئەو راستی کرد، چونکە بۆ رۆژی دواتر شەهید بوو، ئەمڕۆ کە سەرۆکی حکومەتم بینی لە هەمان شوێن و گوێم لە قسەکانی گرت هەمان روحیانەت و هەست و رژدیم تێدا هەست پێکرد، هەستێکی وایه‌، هێشتا کەسێک ماوە خەمخۆر و دڵسۆزی خەڵک بێت، خه‌ڵكیش پێویستیان بەو سۆزە هەیە.

کاک شەوکەت وەزیر بوو، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی بوو، باوکی یەکێک بوو لە هەڤاڵانی بارزانی، نزیکترین کەس بوو لە نێچیرڤان بارزانی، بەڵام هەمیشە ئەوەی لەبیر بوو، کە ئەو لە سەیداوە بە هەژاری گەورە بووە. کاک مەسرور کوڕە گەورەی سەرۆک مەسعود بارزانی-یە، نەوەی مستەفا بارزانی-یە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتیە، سەرۆکی حکومەتە، بەڵام کە ئەمڕۆ لە خزمەت قوتابیان دانیشتبوو، تەنیا وەک باوکی بوو، پێشمەرگەیەک بوو بۆ خزمەتی خاک و خەڵک.

زیندووکردنەوەی ئەو یادگاریانە چەندیان ئازاردام، ئەوەندە دڵخۆشیان کردم، ئازاری لە دەستچوونی کاک شەوکه‌ت و ئەوانەی وەک ئەو کوردستان و ره‌سه‌نایه‌تی خەبات و خۆیان لەبیر نەکرد، خۆشحاڵی هەبوونی کەسێکی وەک کاک "مەسرور"م، کە کوردستان و خەباتی کردووه‌تە ناوونیشانی هەبوونی خۆی.

کاک شەوکەت یادیت زیندوو، کاک مەسرور کارت زیندوو.