ئەردۆغان لێکۆڵینەوە لە داکەوتنی بەهای لیرە دەکات

هێزە دەرەکییەکان بە دابەزاندنی بەهای لیرە تۆمەتبار دەکات
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا

K24 - هەولێر

دوای ئەوەی بەهای لیرەی تورکی لە هەفتەی رابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو بەرامبەر دۆلار و دراوەکانی دیکە داکەوت، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا فەرمانی دەرکرد، بۆ ئەوەی لەبارەی یاریکردن بە دراوی ناوخۆیی دەست بە لێکۆڵینەوە بکرێت.

ئاژانسی ئەنادۆڵوی تورکیا بڵاویکردووە، سەرۆکی وڵاتەکە داوای لە ئەنجومەنی چاودێری کردووە، کە دەزگایەکی وردبینییە راپۆرتەکانیان بۆ سەرۆکایەتی تورکیا بەرزبکەنەوە، تێیدا ناوی ئەو دامەزراوانە ئاشکرا بکەن، کە بڕێکی زۆر دراوی بیانییان کڕیووە، هەروەها بوونی هەر یاریکردن بە ئاڵوگۆڕی دراو ئاشکرا بکرێت.

لە لایەکی دیکەوە سەرۆکی تورکیا، لایەنی دەرەکی بە داکەوتنی بەرچاوی بەهای لیرە تۆمەتبار دەکات، دەشڵێت "ئاراستەی دابەزاندنی نرخی سوود بەردەوام دەبێت".