لە هەڵبژاردنی عێراق یەک ملیار دینار تەنیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک خەرجکراوە

پشکی شێری خەرجی و پۆستەکان بەر پارێزگایەک کەوتووە

K24 - هەولێر

تۆڕی دیجیتاڵی عێراق DIN بڵاویکردووەتەوە، نزیکەی یەک ملیار دیناری عێراق کە دەکاتە 700هەزار دۆلاری ئەمەریکی، تەنیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بۆ بانگەشەی لایەنەکان خەرجکراوە.

ئەو ئاژانسەی ئاماژەی بەوەداوە، 43 هەزار و 900 ریکلامی سیاسی تەنیا لە سەر سەکۆی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پۆستکراون، کە عێراق 20 ملیۆن بەکاربەری چالاکی ئەو تۆڕەی هەیە.

ئاماژە بەوەشکراوە، بانگەشە و ریکلامەکان لە ماوەی مانگی ئاب تاکو مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لە فەیسبووک پۆستکراون، کە خەرجییەکانیان بۆ ملیارێک دیناری عێراق دەخەمڵێندرێت، بە جۆرێک پشکی شێری خەرجی و پۆستەکان بەر بەغدای پایتەخت کەوتووە، لە دوای ئەو هەریەکە لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر لە پلەی دووەم و سێیەمدان.

ئەمە لە کاتێکدایە مانگی حوزەیرانی رابردوو کۆمپانیای فەیسبووک رایگەیاند، عێراق لە لیستی ئەو وڵاتانەیە کە لەگەڵ نزیک بوونەوەی هەڵبژاردنەکان، چاودێری بانگەشە سیاسییەکان دەکەن، سەرجەم وردەکاری بانگەشەکانیش بۆ چەندین ساڵ ئەرشیف دەکەن و بەکاربەران دەتوانن پێداچوونەوەی پێدا بکەنەوە.