ئەمەریکا لەسەر پەلاماردانی سەنگەرەکانی پێشمەرگە هاتەدەنگ

"بە توندی ئیدانەی پەلاماری تیرۆرستیی ترسنۆکانەی داعش دەکەین"
ئەو هەمەرەی هێزی پێشمەرگە کە بۆمبێکی داعشی پێدا تەقێنراوەتەوە - فۆتۆ: هەرێم جاف
ئەو هەمەرەی هێزی پێشمەرگە کە بۆمبێکی داعشی پێدا تەقێنراوەتەوە - فۆتۆ: هەرێم جاف

K24 – هەولێر

کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان بە توندی ئیدانەی پەلاماری داعش بۆ سەر سەرنگەرەکانی پێشمەرگە دەکات و رایدەگەیەنێت، بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی بۆ هێزی پێشمەرگە.

لە راگەیەندراوێکدا کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەداوە: "بە توندی ئیدانەی پەلاماری تیرۆرستیی ترسنۆکانەی داعش دەکەین کە شەوی رابردوو ئەنجامیاندا بۆ سەر هێزەکانی، پێشمەرگە لە ناحیەی کوڵەجۆ لە ناوچەی گەرمیان".

راشیگەیاندووە: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێداگرە لە پشتیوانیەکانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیە عێراقیەکان و پشتیوانی لە هەوڵەکانیان بۆ دڵنیاییدان لە بەردەوامیی شکستی داعش".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوی کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان هاتووە: "سەرەخۆشی و هاوسۆزی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادەی ئەو پێشمەرگە ئازایانە دەکەین، کە گیانیان سپارد و برینداربوون لە پەلامارەکەدا".