سەرۆک بارزانی سوپاسی گەل و حکومەتی ئیتاڵیا دەکات
K24 - هەولێر
ئەمڕۆ یەکشەممە 28ـی تشرینی دووەمی 2021 لە سەلاحەددین، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە برۆنۆ ئەنتۆنیۆ پاسکوینۆ باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق کرد،و سوپاسی گەل و حکومەتی ئیتاڵیای کرد، کە پاڵپشتی گەلی کوردستان و پێشمەرگە بوونە.
لە دیدارەکەدا کە باڵیۆزی ئیتاڵیا بە مەبەستی ماڵئاوایی و کۆتایھێنانی ئەرک و کاری لە عێراق سەردانی سەرۆک مەسعود بارزانی کردبوو، پێزانینی بۆ خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلی کوردستان لە شەڕی تیرۆر ھەبوو، ئەوەشی دووپاتکردەوە، کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێ لە پاڵپشتیکردنی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان.
باڵیۆزی ئیتاڵیا گەلی کوردستانی وەک دۆستی نزیکی گەلی ئیتاڵیا وەسف کرد و جەختیشی لە کاریگەری ھەرێمی کوردستان لە سەقامگیری عێراق و ناوچەکە کردەوە .
ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی گەل و حکومەتی ئیتاڵیای کرد کە پاڵپشتی گەلی کوردستان و پێشمەرگە بوونە و پێشوازیشی لە پەرەپێدان و دۆستایەتی و پەیوەندیەکانی ھەردوولا کرد.
بارودۆخی سیاسی عێراق و ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دەرئەنجامەکانی، تەوەری تری ئەو کۆبوونەوەیە بوون. پەیوەست بە هەڕەشەی تیرۆر و هزری توندرۆیی هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون، کە تیرۆر هێشتا هەڕەشەیەکی هاوبەشە لەسەر هەموو جیهان و ئەو هۆکارانەی بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی تیرۆر هێشتا هەر ماون و چارەسەر نەکراون.
جێگەی ئاماژە پێکردنە مێشێلێ کامێرۆتا کونسوڵی نوێی ئیتالیا لە ھەولێر ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو ، سەرۆک بارزانی ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرک و کارەکانیدا.