ئۆمیکرۆن کۆبوونەوەی ئۆپێک دوادەخات

بەهۆکاری جۆری نوێی کۆرۆنا نرخی نەوت دابەزی
ئۆپێک
ئۆپێک

K24 - هەولێر

دوای ئەوەی نرخی نەوت لە مامەڵەکانی رۆژی هەینی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی، رێکخراوی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی کۆبوونەوەی هونەریان بۆ کاتێکی دیکە دواخست، تاوکو کاتێکی زیاتر بە لیژنە پەیوەستەکان بدەن تا وردتر هەڵسەنگاندن بۆ کاریگەری دەرهاویشتەکانی جۆری کۆرۆنای نوێ (ئۆمیکرۆن) لەسەر بازاڕ بکەن.

بڕیار بوو لیژنەی هونەری وڵاتانی رێکخراوی ئۆپێک ئەمڕۆ کۆببێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ رۆژی چوارشەممەی داهاتوو دواخرا.

هەروەها، کۆبوونەوەی هاوبەشی چاودێری وزاری کە لە وڵاتانی هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس پێکهاتووە، لە بری کۆبوونەوەیان لە رۆژی سێشەممە، رۆژی پێنجشەممە کۆدەبنەوە.

بەڵام کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس بە گوێرەی پلانی خۆی لە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا بڕیار لەسەر سیاسەتی زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دەکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، ساڵی رابردوو رێکخراوی ئۆپێک بە سەرۆکایەتی سعوودیە و وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانی رێکخراوەکە بە سەرۆکایەتی رووسیا، لەبارەی سیاسەتی بەرهەمهێنانی نەو رێککەوتن.هەروەها بڕیاریاندا بە شێوەی پلە بەپلە مانگانە 400 هەزار بەرمیل نەوتی زیادە دەخەنە بازاڕەوە. هەروەها هاوپەیمانەتییەکە بڕیاری کۆتایی بە کراوەیی جێهێشتووە، بۆ ئەوەی لە هەر کاتێکدا ئەگەر پێویستی کرد ئەوا زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان رادەگرن.