دیندار زێباری: پەکەکە سیاسەتی ناشرینکردنی هەرێمی کوردستانی دەستپێکردووە

"چەند کەسێکی سەر بە پەکەکە لەناو خۆپێشاندانەکانی سلێمانی دەستگیر کراون"
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پەکەکە سیاسەتی ناشرینکرندی هەرێمی کوردستانی دەستپێکردووە، لە خۆپیشاندانەکانی سلێمانی رۆڵی کارای هەبووە لە بە لارێدابردنی داوا رەواکانی خۆپیشاندەران و چەند کەسێکیش دەستگیرکراون کە سەربە پەکەکەن لە رۆژانی دهاتوودا زانیارییەکانیان بڵاودەکرێتەوە.

دیندار زێباری، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "لە خۆپێساندانەکان پەکەکە رۆڵێکی زۆر خراپی بینیوە، بەتایبەتی لە خۆپشیاندانەکانی سلێمانی و خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان بەگشتی، هەوڵیداوە لە رێگەی لایەنگرانی داوای رەوای خەڵک بە ئاقارێکی دیکە ببەن، لە راستیدا پەکەکە بووەتە بارگرانی بۆ سەقامگیری هەرێمی کوردستان".

گوتیشی: "پەکەکە رۆڵی هەبووە لە کۆچپێکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ بێلارووس، لەناو کۆچبەران کەسانێک هەبوون هەوڵیان دەدا لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وێنەی کوردستان ناشرین بکەن، بۆیە دەبێ یەکەمجار تۆمەت ئاراستەی پەکەکە بکرێت و پێی بگوترێت واز لەو جۆرە سیاسەتە بهێنێ".

دیندار زێباری، راشیگەیاند: "پەکەکە بابەتی کۆچبەرانی وەک کارتێک بەکارهێناوە، بۆ لێدان لەناوبانگی هەرێمی کوردستان، لایەنگرانی پەکەکە هەوڵیانداوە لە میدیاکان و سۆشیال میدیا هەوڵیانداوە کوردستان بە ناشرینی پیشانبدەن".