گرووپێكی نزیك له په‌یه‌ده ده‌ستی به رفاندنی منداڵان كردووه‌ته‌وه

K24- قامشلۆ:
جارێكی دیكه دیارده‌ی رفاندنی منداڵان و به‌زۆر په‌لكێشكردنیان بۆ چه‌كداری له رۆژئاوای كوردستان له‌لایه‌ن گرووپێكی سه‌ر به په‌یه‌ده ده‌ستیپێكردووه‌ته‌وه.
له دوایین رووداوی له‌مشێوه‌یه‌ش، سێ كچی خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵی له‌لایه‌ن گرووپی "كۆما جوانێن شۆڕه‌شگێڕ"ـه‌وه رفێندراون، خانه‌واده‌كانیشیان له‌به‌رده‌م نووسینگه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له قامشلۆ گردبوونه‌وه‌یه‌كیان سازكرد و داوای ئاشكراكردنی چاره‌نووسی منداڵه‌كانیان و شوێنی ئێستایان كرد.
گردبوونه‌وه‌كه له‌لایه‌ن كه‌سوكاری منداڵه رفێندراوه‌كان و ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كورد له سووریا "ئه‌نه‌كه‌سه"ـوه به‌ڕێوه‌چوو. له به‌رامبه‌ریشدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر و هه‌سه‌ده ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه ئه‌و منداڵانه لای ئه‌وان بن. تا ئیستاش هیچ رێكارێك به‌رامبه‌ر گرووپی "كۆما جوانێن شۆڕه‌شگێڕ" نه‌گیراوه‌ته به‌ر، كه ده‌گوترێت، به‌رده‌وام ئه‌و گرووپه كێشه ده‌نێته‌وه و په‌نجه‌ی به‌رپرسیارێتی سووتاندنی نووسینگه‌كانی ئه‌نه‌كه‌سه، رفاندنی كه‌سایه‌تی سیاسی، رۆژنامه‌وان و منداڵانیش بۆ ئه‌و گرووپه درێژ ده‌كرێت.
له ساڵی 2019 مه‌زڵوم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات "هه‌سه‌ده" رێككه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان واژۆ كرد، بۆ دوورخستنه‌وه‌ی منداڵان له بواری سه‌ربازی و چه‌كدارنه‌كردنی منداڵان، به‌ڵام وێڕای ئه‌مه‌ش گرووپی ناوبراو له‌سه‌ر رفاندنی منداڵان و په‌لكێشكردنیان بۆ چه‌كداری به‌رده‌وامه.
به‌ر له ئێستاش هاوسه‌رۆكی پاراستنی منداڵان له قامشلۆ رایگه‌یاندبوو، له مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی رابردووه‌وه تا ئێستا 200 منداڵیان له‌ناو ریزه‌كانی هه‌سه‌ده گه‌ڕاندووه‌ته‌وه ناو خانه‌واده‌كانیان، به‌ڵام خه‌ڵك به به‌رده‌وامی سكاڵا له‌باره‌ی بێسه‌روشوێنبوونی منداڵه‌كانیان تۆمار ده‌كه‌ن.
H.B