نادیه موراد: یه‌كه‌م دادگاییكردن بۆ ئه‌ندامێكی داعش له ئه‌ڵمانیا سه‌ركه‌وتنه بۆ ئێزیدییه‌كان
K24- هه‌ولێر:
نادیه موراد، كچه چالاكوانی ئێزیدی و رزگاربووی ده‌ستی داعش رایگه‌یاند، یه‌كه‌م دادگاییكردنی ئه‌ندامێكی داعش به تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی كۆمه‌ڵكوژی و تاوانی جه‌نگ و بڕیاری زیندانیكردنی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی داعش بۆ هه‌تاهه‌تایه له‌لایه‌ن دادگای ئه‌ڵمانیاوه، سه‌ركه‌وتنه بۆ رزگاربووانی كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی ده‌ستی داعش.
ئه‌مڕۆ دادگای ئه‌ڵمانیا به تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی كۆمه‌ڵكوژی، تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی، تاوانی جه‌نگ و خراپی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئافره‌تێكی ئێزیدی و كچه ته‌مه‌ن 5 ساڵییه‌كه‌ی، كه ئه‌و منداڵه به‌هۆی مامه‌ڵه خراپه‌كانییه‌وه گیانی له‌ده‌ستدا، سزای زیندانیكردنی هه‌تاهه‌تایی به‌سه‌ر ته‌ها جومه‌یلی، ئه‌ندامیی رێكخراوی داعشدا سه‌پاند، كه به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك خه‌ڵكی عێراقه و ئه‌مه‌ش به یه‌كه‌م دادگاییكردنی ئه‌ندامێكی داعش به تۆمه‌تی كۆمه‌ڵكوژی له‌سه‌ر ئاستی جیهان داده‌نرێت، كه له‌سه‌ر بنه‌ما و پره‌نسیپه‌كانی دادگای جیهانی به‌ڕێوه‌چوو.
له‌وباره‌یه‌وه نادیه موراد له به‌یاننامه‌یه‌كدا گوتی: "ئه‌و بڕیاره‌ی دادگا سه‌ركه‌وتنه بۆ رزگاربووانی كۆمه‌ڵكوژیه‌كان، ئه‌وانه‌ی له توندوتیژی سێكسی رزگاریان بووه و ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدی. سوپاس بۆ ئه‌ڵمانیا بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و ئیدانه مێژووییه. ئه‌ڵمانیا ته‌نیا به بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاری له‌باره‌ی دادپه‌روه‌ری ده‌سته‌وه‌ستان نابێت، به‌ڵكو كار بۆ جێبه‌جێكردنیشی ده‌كات، به‌كارهێنانی بنه‌ماكانی دادگاییكردنی نێوده‌وڵه‌تی له‌مشێوه‌یه، كه له ئه‌ڵمانیا په‌یڕه‌و كرا، پێویسته له هه‌موو وڵاتانی جیهان ره‌نگ بداته‌وه".
هه‌روه‌ها گوتی: "كاتێك رزگاربووان په‌نا بۆ دادگا ده‌به‌ن، به‌دوای كه‌سێكدا ده‌گه‌ڕێن، كه هیوا و ئومێدی ئه‌وه‌یان پێ بدات كه دادپه‌روه‌ری بوونی هه‌یه و كاری خۆی ده‌كات، من باوه‌ڕم به‌و هیوایه هه‌یه، كه ئه‌ندامانی داعش په‌لكێشی به‌رده‌م دادگا ده‌كرێن".
هه‌ر له‌باره‌ی ئه‌و بڕیاره‌ی دادگای ئه‌ڵمانیا، ئه‌مه‌ل كلونی، پارێزه‌ری رزگاربووانی كۆمه‌ڵكوژی ئێزیدییه‌كان گوتی: "ئه‌مه ئه‌و ساته بوو كه ئێزیدییه‌كان بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ چاوه‌ڕێیان ده‌كرد، كه دواجار له‌پاش 7 ساڵ گوێبیستی دادوه‌ر بن كاتێك رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی رووبه‌ڕوویان بوونه‌ته‌وه، كۆمه‌ڵكوژی بووه. بۆ بینینی پیاوێك كه به تۆمه‌تی كوشتنی كچێك ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێزیدییه، رووبه‌ڕووی دادگا ده‌كرێته‌وه. ئێستا هیچ كه‌سێك نییه ئه‌م راستییه ره‌ت بكاته‌وه كه داعش كۆمه‌ڵكوژیی ئه‌نجامداوه. من به بوێری و ئازایه‌تی بریكارداره‌كه‌م هه‌ست به سه‌رسامی ده‌كه‌م و من زۆر سوپاسی داكۆكیكردنه‌كانی ئه‌ڵمانیا له بنه‌ما و پره‌نسیپه‌كانی دادگاییكردنی جیهانی ده‌كه‌م، ئه‌مه‌ش مانای وایه كه پێویسته دادگاییكردنی هه‌موو ئه‌و جۆره تاوانانه له هه‌ر كات و شوێنێكی جیهان ره‌وایه‌تییان هه‌بێت".
H.B