دیداری گەشتیاری بەفر لە رواندز بەڕێوەدەچێت

کوردستان24 سپۆنسەری دیدارەکەیە
دیمەنێکی گەشتیاران لەناو بەفر لە چیای کۆڕەک - ئەرشیف
دیمەنێکی گەشتیاران لەناو بەفر لە چیای کۆڕەک - ئەرشیف

K24 – رواندز

بەمەبەستی لێکتێگەیشتن و هەماهەنگی لەنێوان دامودەزگا پەیوندیدارەکان و کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، دیداری گەشتیاری بەفر، بە سپۆنسەری دامەزراوەی میدیایی کوردستان24، لە رواندز بەڕێوەدەچێت.

دیدارەکە بە چاودێری هەڵگۆرد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سۆران و بنکەی گەشتوگوزاری رواندز، مێرگەسۆر، چۆمان بەڕێوەدەچێت.

ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ی گوت: "گەشتیاری زستانە یەکێکە لە جۆرەکانی گەشتوگوزار، ئەمڕۆ یەکەمین دیداری بەفر لە رواندز ئەنجام دەدەین، بە ئامانجی ئەوەی لەگەڵ هاتنی وەرزی بەفربارین، چالاکییەکان تەنها شەڕە تۆپەڵە بەفر نەبێت، بەڵکو چالاکی هونەری و خلیسکانە و چالاکی دیکە هەبێت، لە داهاتوودا لە دهۆک و پێنجوێن هەمان دیدار دەکەین".

روونیکردەوە: "ئەم دیدارە بۆ خۆڕێکخستنەوە و بانگێشتکردنی کۆمپانیاکانی گەشتیاری ناوەڕاست و باشووری عێراق و ناوخۆی هەرێمی کوردستانە، بۆ ئەوەی هەم لێتێگەیشتن دروست بکەین، هەمیش قسە لەسەر ئەنجامدانی چالاکییەکان بکەین".

بارزان محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەشێکی زۆر لە کۆمپانیا گەشتیارییەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق و کۆمپانیا گەشتیارییەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لایەنە پەیوندارەکانی ئیدارەی سۆران و کەرتی تایبەتی گەشتیاری دەڤەری سۆران، ئامادەی دیدارەکەن، کە ئامانج لەو دیدارە لێکتێگەیشتن و هەماهەنگی دامودەزگا پەیوندیدارەکان و کۆمپانیا گەشتیارییەکانە، بۆ ئەوەی بتوانین ئاسانکاری تەواو بکەین، بۆ ئەو کۆمپانیا گەشتیاریانەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە گەشتی و دەڤەری سۆران بەتایبەتی".

گوتیشی: "پێشتر لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکان کۆمەڵێک گلەییمان لە یەکتر هەبووە، دەمانەوێت لەو دیدارە گفتوگۆ راشکاوانە لەسەر گرفتەکان بکەین بۆ چارەسەر کردنیان، تا بتوانین زۆرترین گەشتیار بێنینە ناوچەکە".

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، ئاماژەی بەوەدا: "بۆیە ناوی دیدارەکەمان ناوە بەفر، چونکە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی بەفربارین لەم دەڤەرە".

ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو جۆرە دیدارانە کاریگەری ئەرێنیان دەبێت، لەسەر هێنانی گەشتیاری زیاتر بۆ ناوچەکە".