لە ساڵێکدا 69 حاڵەتی ئایدز لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون

زیاتر لە 318 هەزار پشکنینی ئایدز کراوە
تیمێکی تەندروستی لەناو بازاڕی سۆران بێ بەرامبەر پشکنینی ئایدز بۆ هاووڵاتییان دەکەن - فۆتۆ: هێرۆ مەولودی
تیمێکی تەندروستی لەناو بازاڕی سۆران بێ بەرامبەر پشکنینی ئایدز بۆ هاووڵاتییان دەکەن - فۆتۆ: هێرۆ مەولودی

K24 – هەولێر

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی، لە ئەمساڵدا 69 حاڵەتی ڤایرۆسی ئایدز لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەمساڵ زیاتر لە 318 هەزار پشکنینی ئایدز لە هەرێمی کوردستان کراوە و 69 حاڵەتی هەڵگری ڤایرۆسی ئایدز تۆمار کراون".

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەدا: "مەترسی ئەو ڤایرۆسە ئەوەیە 10 تا 15 ساڵ، کەسی هەڵگر هەستی پێناکات و وەک کەسێکی ئاسایی دەژین، لە هەمانکاتدا ئەگەری گواستنەوەی هەیە بۆ کەسانی دیکە، بە گشتی لە رێگەی خوێن و شیری دایک بۆ کۆرپە و سێکسەوە دەگوازرێتەوە".

1ی دێسمبەر، وەک رۆژی جیهانی نەخۆشی ئایدز دیارکراوە، ساڵانە لەم رۆژەدا لە وڵاتان هەڵمەت بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە ئایدز بەڕێوەدەچێت، لە هەرێمی کوردستانیش چەندین چالاکی بەڕێوەدەچن.

پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ لە ناو بازاڕی هەولێر و لە شوێنە گشتییەکان تیمەکانی تەندروستی بێ بەرامبەر پشکنینی ئایدز بۆ هاووڵاتییان دەکەن.