شوفێرێك: به‌ مولحیدی‌ چوومه‌ سه‌ر پردی بۆسفۆر و به‌ موسڵمانی لێی ده‌رچووم

به‌ ڤیدیۆ.. پیاوێك له‌كاتی ره‌شه‌باكه‌ی ئیسته‌نبۆڵ له‌ مولحیدییه‌وه‌ ده‌بێته‌ موسڵمان
پیاوێك له‌ ئیسته‌نبۆڵ له‌كاتی ره‌شه‌با له‌ مولحیدییه‌وه‌ بووه‌ موسڵمان
پیاوێك له‌ ئیسته‌نبۆڵ له‌كاتی ره‌شه‌با له‌ مولحیدییه‌وه‌ بووه‌ موسڵمان

K24 - هه‌ولێر:

له‌ دوو رۆژی رابردوودا ره‌شه‌بایه‌ك رۆژئاوای توركیای گرته‌وه‌، به‌گوێره‌ی ئیداره‌ی كاره‌ساته‌ سرووستییه‌كانی ئه‌سته‌نبۆڵ،‌ خێرایی با له‌ نێوان 60 تا 100 كیلۆمه‌تر له‌ كاتژمێرێك بووه‌، زیانیشی به‌ شاره‌كانی ئه‌سته‌نبۆڵ، بۆرسه‌ و ئیزمیری گه‌یاندووه‌.

شوفێرێكی ماتۆرسكیل ئه‌و رۆژه‌ی ره‌شه‌باكه‌ هه‌ڵیكردووه‌، خه‌ریك بووه‌ به‌سه‌ر پردی بۆسفۆر بپه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌و پیاوه‌ ده‌ڵێت: "به‌ مولحیدی‌ چوومه‌ سه‌ر پردی بۆسفۆر و به‌ موسڵمانی لێی ده‌رچووم"، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، له‌ ناوه‌ڕاستی پرده‌كه‌ دووجار شه‌هاده‌م هێناوه‌.

گرته‌ ڤیدیۆیه‌ك له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ بڵاوكراوه‌یه‌وه‌، كه‌ پیاوێك له‌ نزیك پردی بۆسفۆر وه‌ستاوه‌، به‌ مۆبایله‌كه‌ی قسه‌ بۆ هاوڕێكانی ده‌كات و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، "هاوڕێیان، من كه‌سێكی مولحید بووم، به‌ڵام كه‌ به‌سه‌ر ئه‌و پرده‌ كه‌وتم، خه‌ریكبوو ره‌شه‌باكه‌ هه‌ڵمبفڕێنێت، له‌ ناوه‌ڕاستی پرده‌كه‌ وه‌ستام و دووجار شه‌هاده‌م هێنا، كاتێكیش ته‌واوی پرده‌كه‌م بڕێ، گوتم "لا حول ولا قوة إلا بالله".

ئه‌و پیاوه‌ دوو جار ده‌ڵێت "به‌ مولحیدی به‌سه‌ر پرده‌كه‌ كه‌وتم و‌ به‌ موسڵمانی له‌ پرده‌كه‌ دابه‌زیم"، رووی قسه‌كانی له‌ هاوڕێكانی ده‌كات و ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر به‌نیازن به‌سه‌ر پردی بۆسفۆرد بكه‌ون، دووجار بیربكه‌نه‌وه‌.

به‌ره‌به‌یانی رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو، ره‌شه‌بایه‌ك رۆژئاوای توركیای گرته‌وه‌، به‌گوێره‌ی میدیا توركییان، ره‌شه‌باكه‌‌ بووه‌ هۆی برینداربوونی 19 كه‌س، 4 كه‌سیش به‌هۆیه‌وه‌ مردن.

به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ توركیا به‌ هاشتاگی  چه‌ندین گرته‌ ڤیدیۆیان بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ ساتی ره‌شه‌باكه‌ی تۆماركردووه‌ و زیان به‌ خانوو و باڵه‌خانه‌كان كه‌وت.

گوته‌بێژی شاره‌وانی ئه‌سته‌نبۆڵ رایگه‌یاند، 33 بانی خانوو و باڵه‌خانه‌ رووخاون، 192 دره‌خت شكاون و 232 پارچه‌ جیاوازیش له‌ دار و ته‌خته‌ له‌ ناوچه‌كه‌ بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش 12 رووداوی هاتووچۆ تۆماركرا و 52 هێمای هاتووچۆش تێكشكان.