نوێنەری سەرۆکی رووسیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە
میخایل بەگدانۆڤ، نوێنەری تایبەتی "ڤلادیمێر پوتن" بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا - ئەرشیف
میخایل بەگدانۆڤ، نوێنەری تایبەتی "ڤلادیمێر پوتن" بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا - ئەرشیف

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سیاسی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە میخایل بەگدانۆڤ، نوێنەری تایبەت ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا و جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا سەردانی هەولێر بکات.

لەو سەردانەی بەگدانۆڤ بۆ هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانی نێوان بەگدانۆڤ و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان، تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و مۆسکۆ. پەرەپێدان بە پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکردنە لەبارەی پەیوەندییە ئابوورییەکان و کەرتی وزە و کار و پڕۆژەکانی کۆمپانیا گەورەکانی رووسنەفت و گازپڕۆمی رووسییە، کە لە هەرێمی کوردستان چالاکن و کاردەکەن.