ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ دامه‌زراندنی یه‌كه‌مه‌كان وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا راده‌سپێرێت

بڕیاری دامه‌زراندنی سێ یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆ و په‌یمانگه‌كان جێبه‌جێ ده‌كرێت
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه‌
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە (1ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسەمبەری 2021)، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری ئەو پێشمەرگە قارەمانانە کرد، کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە دەڤەری گەرمیان، لە هێرشی تیرۆریستانی داعش شەهیدبوون.

سەرۆکی حکومەت گوتیشی: لە گەڵ هێزەکانی حکومەتی فیدراڵی و هێزەکانی هاوپەیمانان لە پەیوەندی بەردەوام داین بۆ رێگڕیکردن و نەهێشتنی ئەو مەترسییانە بۆ سەر هێزی پێشمەرگە و داواش لە حکومەتی فیدراڵی کرا، بۆ برەودان بە هەماهەنگیی سەربازیی و ئاسایش لەم بوارە تا رووبەڕووی ئەم هێرشە تیرۆریستانە ببینەوە، کە مەترسیەکی گەورەیە لە سەر هەموولایەک.

پاشان شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری كاروباری پێشمەرگە، تیشکی خستە سەر سەردانیان بۆ سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە دەڤەری گەرمیان و ئەو ناوچانەی رووبەڕووی هێرشی تیرۆریستانی داعش بوونەوە، وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بەوەدا، ئەو ناوچانە بۆشایی ئەمنیان تێدایە، لەم رووەوە چەند داواکاریی وپێشنیارێکی پێشکەش کرد بۆ تۆکمەکردنی زیاتری سەنگەرەکانی پێشمەرگە و دابینکردنی پێداویستیيەکان.

كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران

ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە جێبەجێکردنی پێشنیارەکانی وەزیری پێشمەرگە و چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان و گرفتەکانی پێشمەرگە کردەوە، سەرەڕای گرتنەبەری رێکاری پێویست لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگە بە هەماهەنگیی زیاتر لە گەڵ هێزە فیدراڵییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی، بۆ کەمکردنەوە و سنوودارکردنی دەرفەتەکانی گەشەکردنی داعش لەو ناوچانە، کە تەنیا مەترسی نین بۆ هەرێم و عێراق، بەڵکو سەرچاوەی مەترسین بۆ ناوچەکە و جیهان بە گشتی.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بريتی بوو لە پێشنیاری دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی سەر ئاستی کۆلیژ و بەشەکانی زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان لە دەرچووانی ساڵی خوێندنی 2016-2017 لە سەر میلاکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کە لەلایەن ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خرایەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاریدا کە لە  سەرەتای ساڵی نوێی 2022 دابمەزرێن.

پاشان کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، راپۆرتێکی دەربارەی دەستی کاری بیانی لە هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی جێگرتنەوەیان بەدەستی کاری خۆماڵی و پەرەپێدانی ناوەندەکانی وەزارەت لە بواری راهێنانی پیشەیی و هەوڵەکانی وەزارەت لە بواری گەڵاڵەکردنی دوا رەشنووسی پڕۆژە یاسای نوێی کار و پڕۆژە یاسای نوێی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی و بارودۆخی چاکسازییەکان لە هەرێمی کوردستان.

كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران

ئەنجومەنی وەزیران، جەختی لە گرنگیی زیاتر رەخساندنی هەلی کار کردەوە، لە کەرتی تایبەت و دابینکردن و رێکخستنەوەی گشت مافە یاساییەکانی کرێکار و کارمەندانی کەرتی تایبەت بە شێوەیەک کە مافی خانەنشینی و بیمە و دڵنیاییان پارێزراو بێت، هەروەک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە سەر کراوەتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، بە راسپاردنی لیژنەیەکی تایبەتمەند لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بە سەرپەرشتی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەم بابەتە، کە جێگەی بایەخی حکومەتە و جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی ئێستا بەرکارن، کە هاوکارن لەمبارەیەوە، هەروەها پەلەکردن لە گەڵاڵەکردنی پڕۆژەیاسای کار و خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی نوێ، کە کاری باشی لەسەرکراوە بەجۆرێک مافی کرێکاری تێدا پارێزراوبێت و هاندەربێت بۆ ئارەزووی کارکردن لە کەرتی تایبەت و رەخساندنی هەلی کاری زیاتر و رێکخستنەوەی دەستی کاری بیانی، لە چوارچێوەی ئەو یاسا نوێیانەدا.

لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشنیازێکی سەبارەت بە درێژکردنەوەی ماوەی دیاریکراو بۆ پرۆسەی قەرەبووکردنەوەی ئەو جووتیارانەی خاوەنی گرێبەستی کشتوکاڵین یان بڕیاری دابەشکردنی زەوییان هەبووە و زەوییان کەوتووەتە ناو سنووری شارەوانییەوە خستەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای جەختکردنەوە لە قەرەبووکردنەوەی یاسایی هاووڵاتیان، پێشنیازی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی  پەسەندکرد، بۆ پێدانی دەرفەتێکی تر بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەکە و قەرەبووکردنەوەی خاوەن مافەکان.

كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران