قاچاخچێتی لە خاڵە سنوورییەکانی سلێمانی و هەڵەبجە بەردەوامە

داهاتی خاڵە سنوورییەکانی سلێمانی وەک پێویست ناگەڕێندرێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەت
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - سلێمانی

سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ئاسايشى گشتى دوای رووداوەكانی 8ی تەمووز لە سلێمانی، هێزى ناردووه‌ته‌ مه‌رزه‌كانى سنوورى سلێمانى و ھەڵەبجە، بەڵام بە گوتەی بەشێك لە پەرلەمەنتاران و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، قاچاخچێتی بەردەوامە و داھاتیش وەك پێویست ناگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی حكومەت. ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێ، ئاگاداری دۆخی مەرزەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە نین.

ئه‌رشه‌د حوسێن، ئه‌ندامى ليژنه‌ى دارايى په‌رله‌مانى كوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "پێشتر حکومەتی هەرێمی بڕیاریدابوو کە هێزێکی هاوبەش لە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە پێکبێنێ، بۆ ئەوەی بە مەبەستی بنبڕکردنی قاچاخچێتی لەو سنوورانە، بچنە خاڵە سنوورییەکان، بەڵام بەداخەوە تائێستا بە هۆکاری سیاسی ئەو هێزە پێک نەهێنراوە و قاچاخچێتی لەو خاڵە سنووریانە بەردەوامە، پێشتریش لە راپۆرتی لیژنەی دارایی ئاماژەمان پێکردبوو".

به‌رده‌وامى قاچاخچێتى له ‌مه‌رزه‌كانى سنوورى سلێمانى و ناردنى هێز، كاريگه‌رى له‌سه‌رى نه‌بوو رێگه‌ش نادرێت ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى به‌دواداچوون بكات، بۆيه ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى  بێ ئاگايى خۆيان له‌ هه‌موو شتێك ده‌رده‌بڕن.

لەوبارەوە با‌رزان شێخ محه‌مه‌د، جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى بە کوردستان24ی گوت: "ئەوەی روودادەت هێز بردن و هێز هێنان، ئێمە وەک ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لێی ئاگادار نین، لە راستیدا وەک هاووڵاتییەکی ئاسایی لە سایتەکان و سۆشیال میدیا دەبیستین کە قاچاخچێتی هەیە".

هەرچەندە لە دوای 8ی تەمووز هێزێکی ئاسایش نێردراوەتە خاڵە سنوورییەکان، بەڵام هێشتا وەک پێویست داهاتی دەروازە سنوورییەکانی سلێمانی و هەڵەبجە وەک پێویست ناگەڕێندرێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەت.