بلینكن له‌گه‌ڵ لاڤرۆڤ و كۆلیبا كۆده‌بێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگه‌یاند، رووسیا پلانی بۆ ئەنجامدانی كرده‌ی سەربازیی دژی ئۆکرانیا داناوه، هۆشداریدایە مۆسکۆ لە دەرەنجامەکان ئەگەر رووسیا هێرش بكاته سه‌ر كییڤ.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا بلینكن راشیگه‌یاند، نیگەرانین سەبارەت بەو بەڵگانەی کە ئاماژە بەوە دەدەن رووسیا پیلانی بۆ جوڵەیەکی سه‌ربازی گەورە دژی ئۆکرانیا داڕشتووە، كه ناسەقامگیریی لە ناوخۆی ئه‌و وڵاته دروست ده‌كات.
جه‌ختیكرده‌وه، مۆسکۆ ئامادەکاریی زیاتری کردووە، لەوانەش جێگیرکردنی دەیان هەزاران سەربازی دیکە لەنزیک سنووری ئۆکرانیا.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداریشیدایە کرملین كه واشنتن وەڵامی بۆ هه‌ر هێرشێك ده‌بێت كه بكرێته سه‌ر ئۆكرانیا، لەوانەش سەپاندنی سزای ئابووریی کاریگەر کە پێشتر لە رابردوودا ئه‌مه‌ریكا به‌كاری نه‌هێناوه.
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ 2ـی دیسێمبه‌ر کۆبوونەوەی بلینکن لەگەڵ هەریەک لە وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کولیبا و وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگی لاڤرۆڤدا له ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید به‌ڕێوه ده‌چێت.