ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كانی نوێنه‌ری پوتن و سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌خرێته‌ڕوو

سه‌فین دزه‌یی: رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر قاچاخچیان گیراوه‌ته‌وه‌ به‌ر

K24- هه‌ولێر:

سه‌فین دزه‌یی، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كانی میخائیل بۆگدانۆڤ، نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا بۆ کارووباری رۆژهەلاتی ناوەڕاست له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی كوردستان خسته‌ڕوو و دووپاتیكرده‌وه‌، رێكاری یاسایی دژی ئه‌و قاچاخچیانه‌ گیراوه‌ته‌ به‌ر، كه‌ هاووڵاتییان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن، بۆ ئه‌وه‌ی كۆچ بكه‌ن.

سه‌فین دزه‌یی گوتی: بۆگدانۆڤ كه‌سایه‌تییه‌كی ده‌ستڕۆیشتووه‌ له‌ حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی و شاره‌زاییه‌كی ته‌واوی له‌ ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌، جگه‌ له‌ پۆسته‌ فه‌رمییه‌كه‌ی، نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆك پوتنه‌.

گوتیشی: به‌ر له‌ هاتنی بۆگدانۆڤ بۆ هه‌ولێر، سه‌ردانی هه‌ریه‌ك له‌ ئێران و به‌غدای كردووه‌ و دووپاتیكرده‌وه‌، ناوبراو له‌میانه‌ی دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانیدا ژماره‌یه‌ك پرس و بابه‌تی له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی كوردستان تاوتوێ كرد، له‌وانه‌ش: تاوتوێكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی عێراق، پێكهێنانی هاوپه‌یمانی دوای هه‌ڵبژاردن له‌ نێوان لایه‌نه‌كان و دواتر پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق. هه‌وره‌ها مه‌ترسییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش، جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر یه‌كڕیزی ناوماڵی كورد و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و ژماره‌یه‌ك بابه‌تی دیكه‌ی هه‌نووكه‌یی، به‌شێكی دیكه‌ی دیدار و كۆبوونه‌وه‌كان بوو.

سه‌فین دزه‌یی گوتی: گفتوگۆ له‌باره‌ی دۆسییه‌ی ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی و پرسی سووریا و رۆژئاوای كوردستانیش كرا و بۆگدانۆڤ سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی كوردستانی له‌ دید و تێڕوانینی وڵاته‌كه‌ی بۆ پرس و بابه‌ته‌ جیاوازه‌كان ئاگادار كرده‌وه‌.

له‌باره‌ی ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش، كه‌ له‌سه‌ر سنووره‌كانی نێوان وڵاتی بێلاڕووس و پۆڵه‌ندا گیریان خواردووه‌، سه‌فین دزه‌یی جه‌ختی كرده‌وه‌، هێلی ئاسمانی عێراق، باڵیۆزخانه‌ی عێراق له‌ مۆسكۆ و نێرده‌ی تایبه‌تی عێراق له‌ مینسك كارێكی باشیان له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ كردووه‌ و فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت، وه‌زاره‌تی ناوخۆ و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر هاوكاربوونه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كۆچبه‌ران به‌ شێوه‌یه‌كی ئاره‌زوومه‌ندانه‌.

هه‌وره‌ها گوتی: جیا له‌و شه‌ش كاروانه‌ی گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ته‌واوی ژماره‌ی ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ نازانرێت كه‌ له‌سه‌ر سنووره‌كان ماون، چونكه‌ وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، هه‌موویان له‌ یه‌ك شوێن نین، به‌ڵام نێرده‌ی دیپلۆماسی عێراق له‌ مینسك ژماره‌ی ته‌له‌فۆنی خۆی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێك ئاره‌زووی گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌بێت، ده‌توانن په‌یوه‌ندیی پێوه‌ بكه‌ن و كار بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌یان ده‌كرێت.

ئاشكراشیكرد، له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵه‌كان بۆ گرتنه‌به‌ری رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ چڕ كراونه‌ته‌وه‌، كه‌ كاری قاچاخچییه‌تی ده‌كه‌ن و كۆچبه‌ران هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن.

 H.B