هەولێر دەیەوێت لە یاریگای فڕەنسۆ هەریری شورتە چەک بکات

هەولێر
هەولێر

سبەی شەممە یانەی هەولێر لە قۆناخی 16ـی جامی عێراق لە یاریگای شەهید فڕەنسۆ هەریری میوانداریی شورتە دەکات، هەولێر کە لەدوایین پێنج یاریی لەم وەرزەی خولی نایابی عێراق بردنەوەی بەدەست نەهێناوە، دەیەوێت لە جام قەرەبووی بکاتەوە.

سبەی شەممە کاتژمێر 04:15 لە قۆناخی 16ـی جامی عێراق، یانەی هەولێر میوانداریی شورتە دەکات، کە هەولێر لەم وەرزەی خولی نایابی عێراق لەدوایین رووبەڕووبوونەوەیان لە یاریگای شەعب 2-2 لەگەڵ شورتە یەکسان بوو.

هەولێر دەیەوێت گرێکوێرەکەی بکاتەوە؛ شەش ساڵە لە شورتەی نەبردووەتەوە

هەولێر لە مێژوودا 45 جار لە خول و اڵەوانێتییە فەرمییەکان رووبەڕووی شورتە بووەتەوە، کە یانەکەی قەڵاومنارە 10 بردنەوەی بەدەستهێناوە و لە 7 یاریی یەکسان بوون و شورتەش 28 یاریی بردووەتەوە، هەولێر 42 گۆڵی لەدژی شورتە کردووە و شورتەش 79 گۆڵی کردووە.

هەولێر لەوەتەی 15ـی ئۆکتۆبەری 2015 لە شورتەی نەبردووەتەوە، لەدوایین شەش رووبەڕووبوونەوەیاندا شورتە پێنج بردنەوەی بەدەستهێناوە و لە یارییەکیش یەکسانبوون، کە وەرزی رابردوو شورتە لەناو یاریگای فڕەنسۆ هەریری بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە یانەکەی پایتەخی بردەوە.

هەولێر بەبێ شێرکۆ کەریم و فرانکۆ ئۆچۆ رووبەڕووی شورتە دەبێتەوە

هەولێر بۆ ئەم یارییە بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تواناکانی فرانکۆ ئۆچۆ یاریزانی تۆگۆیی بێبەش دەبێت کە پێش ئەوەی بگەڕێتەوە هەولێر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، شێرکۆ کەریمیش لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەشداریی جامی عەرەب دەکات و ناتوانێت بەشداریی یارییەکە بکات.

عەبدولقادر ئەیوب و عەلی شاخەوان دوای بەشداریکردنیان لە پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیا و بەدەستهێنانی نازناوەکە دوێنێ پێنجشەممە گەڕانەوە هەولێر و ئەمڕۆ بەشداریی دوایین راهێنانەکانی یانەکەیان کرد و بۆ یارییەکە ئامادەن، کە وابڕیارە پێش دەستپێکی یارییەکە لەلایەن سەرۆک و دەستەی کارگێڕی یانەکە خەڵات بکرێن.

هەولێر دەیەوێت بە جام تیماری برینی خولی نایابی عێراق بکات

هەولێر لەم وەرزەی خولی نایابی عێراق ئەنجامەکانی خراپن لە کۆی 11 یاری 8 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی شازدەمی خولەکە دێت، لە کۆی 11 یاریی خولەکە کوڕانی قەڵاومنارە تەنیا 7 گۆڵیان کردووە و 12 گۆڵیان لێکراوە.

هەولێر لەدوایین پێنج یاریی خولی نایابی عێراق نەیتوانیوە هیچ یارییەک بباتەوە و سێ یاریی دۆڕاندووە و لە دوو یارییش یەکسان بووە، زەردپۆشەکان دەیانەوێت لە جام تیماری برینی خول بکەن و بگەنە یاریی کۆتایی، کە ئەو یانەیەی پلەی یەکەمی جام بەدەست دەهێنێت بەشداریی جامی یەکێتی ئاسیا دەکات و دووەمی جامیش بەشداریی جامی یانەکانی عەرەب دەکات.

هاندەرانی هەولێر: هەموومان لە یاریگا ئامادە دەبین

هاندەرانی یانەی هەولێر چەند رۆژێکە هەڵمەتێکیان بۆ پشتیوانی یانەکەیان دەستپێکردووە و بەڵێنیان داوە زۆرترین هاندەر لە یاریی بەرامبەر شورتە بچنە یاریگا، نووسینگەی راگەیاندنی یانەی هەولێر چاڵێنجی (#یەکەم_کەس_لە_یاریگا_ئامادەدەبم)ـی راگەیاندووە و ئەو هاندەرەی یەکەم کەس لە یاریگا ئامادە بێت خەڵاتی دەکەن.

پێشبینی دەکرێت هاندەرێکی زۆری یانەی هەولێر لە یارییەکە ئامادەبن، چونکە یارییەکە بۆ یانەکەیان چارەنووسسازە، کە هەولێر لەدوایین پێنج یاریی لەم وەرزەی خولی نایابی عێراق نەیتوانیوە هیچ بردنەوەیەک بەدەست بهێنێت.

یاریی هەولێر و شورتە لە جامی عێراق
یاریی هەولێر و شورتە لە جامی عێراق