رۆژانی پێنجشەممە و هەینی داهاتوو فێستیڤاڵی نایکۆ بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24 بەڕێوە دەچێت

فێستیڤاڵی وەرزشی نایکۆ
فێستیڤاڵی وەرزشی نایکۆ

رۆژانی پێنجشەممە و هەینی داهاتوو فێستیڤاڵی وەرزشی نایکۆ لە هەولێر بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24 بەڕێوە دەچێت، کە ساڵی 2019 یەکەم وەشانی ئەم فێستیڤاڵە بەڕێوەچوو، ئەمساڵ دووەمین وەشانی دەکرێت.

فێستیڤاڵی وەرزشی نایکۆ کە فێستیڤاڵێکی وەرزشی ساڵانەی نێودەوڵەتییە، ئەمساڵ وابڕیارە رۆژانی 9 و 10ـی ئەم مانگە لە هەولێر بەڕێوە بچێت، کە سێ پاڵەوانێتی جیاوازی لەشجوانی و لەشڕێکی و بەدی کلاسیک دەکرێن و براوەی هەریەکێک لەو پاڵەوانێتییانە پرۆ کارد بەدەست دەهێنێت و هەرسێ پاڵەوانێتییەکە بەشێکن لە زنجیرە پاڵەوانێتییەکانی NBC IFBB PRO و لەسەر ئاستی جیهان دانپێدانراون.

لە فێستیڤاڵەکە جگە لەو سێ پاڵەوانێتییە جیهانییە، چەند پێشبڕکێ و چاڵێنجێکی جیاواز ئەنجام دەدرێن، بەهێزترین پیاو و خێراترین خانم دەستنیشان دەکرێن و هەمووان دەتوانن توانای خۆیان تاقی بکەنەوە.

نزار غەزالی، پاڵەوانی لەشجوانی جیهانی و سەرۆکی رێکخراوی ئۆڵمپی کە سەرپەرشتی فێستیڤاڵەکە دەکات، لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24 لەبارەی فێستیڤاڵەکە گوتی 'دوو ساڵ لەمەوبەر ئێمە پاڵەوانێتییەکی جیهانیمان هێنا کوردستان، بەڵام دوای ئەوەی ساڵی یەکەم سەرپەرشتیارانی  NPC IFFB رێکخستن و ئامادەکاریی پاڵەوانێتییەکەیان بینی، رەزامەندییان دا ئەمساڵ لە هەر سێ پاڵەوانێتییە جیاوازییەکە پرۆ کار بدرێت، بڕیاریشمان دا جگە لە سێ پاڵەوانێتییەکە چەند چالاکییەک رێکبخەین و وەکو بەشێک لە فێستیڤاڵەکە پێشبڕکێی خێراترین خانم و بەهێزترین پیاو رێک دەخەین'.

هەروەها غەزالی گوتیشی 'پێشتر کاتێک ئێمە یاریزان بووین، زەحمەتی زۆرمان دەبینی بۆ گەیشتن بە پاڵەوانێتییە جیهانییەکان، چونکە تەنیا لە ئیسپانیا پاڵەوانێتی دەکرا، بەڵام ئێمە هەوڵمان داوە لە رێگای پەیوەندییەکانمان بتوانین ئەو پاڵەوانێتییە جیهانییانە بهێنینە کوردستان بۆ ئەوەی بتوانین یاریزانە کوردەکان دەرفەتی گەیشتنیان بە جیهان ئاسانتر بێت'.