محه‌مه‌د خورشید: ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی دراوسێی كوردن به‌ رۆژ جوتیارن به‌ شه‌ویش داعش

"ده‌ویسترێت خاك له‌ رێگه‌ی تیرۆره‌وه‌ داگیر بكرێت"
محه‌مه‌د خورشید، به‌رپرسی لقی 3ـی پارتی دیموكراتی كوردستان
محه‌مه‌د خورشید، به‌رپرسی لقی 3ـی پارتی دیموكراتی كوردستان

K24- هه‌ولێر:

محه‌مه‌د خورشید، به‌رپرسی لقی 3ـی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ كوردستان 24ـی راگه‌یاند، دوای خیانه‌تی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر، ئه‌و بۆشاییه‌ی كه‌ له‌ نێوانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌كان دروستبووه‌، به‌ شه‌و بووه‌ته‌ پێگه‌ی هێرشه‌كانی داعش بۆ سه‌ر هاووڵاتیان، به‌ رۆژیش له‌ رێگه‌ی هێزه‌كانی عێراقییه‌كان له‌ رێگه‌ی عه‌ره‌بی هاورده‌ ئازاری كورد ده‌ده‌ن.

محه‌مه‌د خورشید راشیگه‌یاند، ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ناوچه‌كانی مه‌خموور كراوه‌، كرده‌ی تیرۆریستییه‌، كوردیش له‌و ناوچانه‌ هه‌وڵ بۆ پاراستنی كوردبوونی ده‌دات، واته‌ ده‌ویسترێت خاك له‌ رێگه‌ی تیرۆره‌وه‌ داگیر بكرێت.

به‌رپرسی لقی 3ـی پارتی روونیكرده‌وه‌، كاتی خۆی له‌ سه‌رده‌می حه‌ره‌س قه‌ومییه‌وه‌ له‌ ساڵی 1963 له‌و ناوچانه‌ رێگه‌پێدراو بوو گونده‌ كوردییه‌كان داگیر بكه‌ن، له‌گه‌ڵ قۆناغی ئێستاش كه‌ عه‌ره‌بی هاورده‌ هاتوونه‌ته‌ ئه‌و ناوچانه‌، پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ داعش ئه‌و هێرشانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

محه‌مه‌د خورشید روونیكرده‌وه‌، ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی كه‌ دراوسێی نه‌ته‌وه‌ی كوردن یاخوود هاورده‌ن، به‌ رۆژ جوتیارن و به‌ شه‌و داعشن، بۆ ئه‌مه‌ش حكومه‌تی عێراقی به‌ رۆژ پشتگیریان ده‌كات و به‌ شه‌ویش چاوپۆشیان لێده‌كات.

محه‌مه‌د خورشید ده‌شڵێت، سه‌نته‌ری هه‌ماهه‌نگی له‌ چه‌ند ئه‌فسه‌رێكی نێوانی سوپای عێراق و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ پێكهاتووه‌، كه‌ هه‌فته‌ی جارێك یان دووجار یه‌كتر ده‌بینن، چایه‌ و قاوه‌یه‌ك ده‌خۆنه‌وه‌، هیچ كامیان متمانه‌ی به‌وه‌ی دیكه‌ نییه‌، هیچ شتێكیش به‌ یه‌كتری ناڵێن، كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا حكومه‌تی عێراقی بڕوای به‌و سه‌نته‌رانه‌ی هه‌ماهه‌نگی نییه‌، به‌ جه‌ختكردنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و پشتگیری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌م سه‌نته‌ره‌ی هه‌ماهه‌نگی دروستكراوه‌.