جەعفەر شێخ مستەفا: پێویستە هێزەکانی پێشمەرگە شێوازی شەڕی داعش بگۆڕن

K24- ههولێر:
جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گوتی: "داعش شێوەی شەڕەکانی گۆڕیوە، لەبەرئەوە پێویستە ئێمەش شێوازی رووبەڕووبوونەوەمان بگۆڕین".
لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 جەعفەر شێخ مستەفا گوتیشی: "ئەو پەلامارانهی داعش ئهنجامی دهدات، هەمووی بە پارتیزانی دەیکات، پەلامارەکانی لەپێناو گرتنی رووبهرێكی دیاریكراوی جوگرافیا نییە، بەڵکو لەپێناو ئەوەدایە زۆرترین ژمارە بکوژێت، بریندار بکات و چەك و تەقەمەنیی پێ سەرف بکات. لەبەر ئەوە پێش هەموو شتێك ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە پێویستمان بە مەشقپێکردن و پڕچەککردن و چاککردنی سەنگەرەکانی پێشمەرگە هەیە. بەجۆرێك راهێنانیان پێ بكرێت، چۆن روبەڕووی ئەمجۆرە شەڕە ببنەوە کە ئەمڕۆ داعش دەیکات".
جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەبارەی نزیکبوونەوەی هێزەکانی داعش لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە گوتی: "ئەو هێزانەی داعش لە پشتی سوپای عێراقییەوە دزە دەکەن و دێنە ناوەوە و دەست لە پێشمەرگە و دانیشتوانی ناوچەکە دەوەشێنن و دەگەڕێنە دواوە، لەبەرئەوە پێویستمان بە ههماههنگییهكی تەواوە لەگەڵ سوپای عێراقی، تا بتوانین بە هێزی هاوبەش ئەو بۆشاییە ئەمنییه پڕ بکەینەوە".
جەعفەر شێخ موستەفا جەختی لەوەش کردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرچی ههوڵی خۆی هەیە بهكاری دههێنێت، بۆ ئەوەی هێزی هاوبەش و ژووری ئۆپەراسیۆن و هەماهەنگی دروست ببێت".
شەوی 2/12/2021 چەکدارانی داعش پەلاماری گوندی خدرجیجەی سنووری قەزای مەخمووریان دا له بناری چیای قهرهچوخ، بەو هۆیەوە 10 پێشمەرگە و 3 هاووڵاتی شەهیدبوون و چوار کەسی دیکەش برینداربوون.