ئەمڕۆ داڵکورد یارییەکی چارەنووسساز دەکات

داڵکورد
داڵکورد

ئەمڕۆ یانەی داڵکورد لە یارییەکی چارەنووسسازیدا رووبەڕووی گایس دەبێتەوە و بە یەکسان و بردنەوە دەگاتە ریزی یانە پلە یەکەکانی سوید.

دوای ئەوەی لە یاریی یەکەم لە قۆناخی پاشکۆی گەیشتن بە خولی یانە پلە یەکەکانی سوید، داڵکورد لە یاریگای خۆی 2-1 لە گایسی بردەوە داڵکورد تەنیا هەنگاوێک لە گەیشتنی بە سوپێرتان دوورە، یانە کوردییەکە دەیەوێت بەرهەمی سەرکەوتنەکەی یاریی چوونی لەم یارییە بچنێتەوە و جارێکی دیکە بگەڕێتەوە خولی یانە پلەیەکەکان، کە پێشتر ساڵی 2018 داڵکورد بۆیەکەمجار لە مێژوویدا گەیشتە ریزی یانە نایابەکانی سوید.
داڵکورد کە لەم وەرزە لە خولی ئێرتان نۆرا بە کۆکردنەوەی 62 خاڵ پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی بەدەستهێنا دژی یانەی گایس چواردەمی خولی یانە پلەیەکەکان یاریی دەکات بۆ ئەوەی ناسنامەی بلیتێکی وەرزی داهاتووی خولی یانە پلە یەکەکان یەکلا بکەنەوە.
هەمیشە داڵکورد لەدژی گایس ئەنجامی باش بوون لەکۆی 10 رووبەڕووبوونەوەی نێوانیاندا داڵکورد شەش بردنەوەی بەدەستهێناوە و تەنیا دوو یاریی دۆڕاندووە و لە دوو یارییەکەی دیکەش یەکسان بوون.
لەم وەرزە داڵکورد لە کۆی 31 یاری تا ئێستا 19 بردنەوەی بەدەستهێناوە و تەنیا چوار یاریی دۆڕاندووە، هاڕوون ئەحمەد و هاوڕێیەکانی لەم وەرزە 68 گۆڵیان کردووە و تەنیا 41 گۆڵیان لێکراوە.
داڵکورد ئەمڕۆ پێویستی بە بردنەوە یان یەکسانبوونە بۆ ئەوەی بەفەرمی بگاتە خولی یانە پلە یەکەکانی سوید و لە داهاتوو بتوانێت جارێکی دیکە بگاتەوە ریزی خولی یانە نایابەکان، کە یانەی داڵکورد ساڵی 2004 دامەزراوە و نوێنەرایەتی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەکات و لەسەر ئاستی میدیاکانی جیهان بە یانەی چل ملیۆن کەسە بێ وڵاتەکە ناسراوە،