پەیوەندی جینیتیک لەگەڵ دەستکەوتە پەروەردەییەکان!

Kurd24

ئەم بابەتە چاوپێداخشاندنێکە بە بابەتێکی زانستی، بە ناونیشانی 'کاریگەری جینیتیک لەسەر دەستکەوتە پەروەردەییەکانی نێوان نەوەکان'، کە دکتۆر ڕۆبرت پلۆمین و هاوڕێکانی ئامادەیان کردووە.

لە بواری پەروەردەی فەرمی، کە مەبەست پەروەردەی دایەنگە و قوتابخانە و زانکۆیە، زۆر فاکتەر هەن کاریگەری لە ئەنجامەکان و دەستکەوتە پەروەردەییەکان دەکەن، ئەم فاکتەرانە پۆلێن کراون بۆ دوو بەش.

یەکەم، فاکتەرە دەرەکییەکان یان ژینگەییەکان. دووەم، فاکتەرە ناوەکییەکان یان سروشتییەکان. فاکتەرە ژینگەییەکان وەک بوارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، ئەو ژینگەیەیە کە ئەو تاکە تێیدا پەروەردە دەکرێت، خێزانێک کە تێگەیشتن و ئاسوودەیی تێدا بێت و باروودۆخی ئابووری باش بێت، کاریگەری زۆری ئەبێت لە دەروون و دەرەوەی منداڵ و پرۆسەی پەروەردە کردنیدا. بەپێچەوانەوە، ئەگەر منداڵانێک لە ژینگەیەکی نائارام و شەڕانی و پڕ لە کەموکووڕی گەورە بن، کاریگەری خراپی لەسەر دەستکەوتی پەروەردەیی دەبێت.

ئەدی فاکتەرە ناوەکییەکان چین؟ بۆ ئەوەی وەڵامێکی دروست بە دەست بێنین، پێویستە لەسەر ئەم باسە زیاتر بوەستین. ئەم بابەتە بە تایبەتی دەیەوێت پرۆژەی زانستی زانای ئەمریکی - بریتانی، دکتۆر ڕۆبرت پلۆمین بناسێنێت کە لێکۆڵینەوەیەکی درێژخایەنە سەبارەت بە پەیوەندی جینیتیک و کاریگەری لەسەر دەستکەوتە پەروەردەییەکان، کە بە بەدواداچوونێکی مەیدانی دەیەوێت بزانێت، کە ئایا مرۆڤ تایبەتمەندیی جینیتیکی لە باوک و دایکی پێگەیشتووە بۆ ئەوەی سەرکەوتووبێت لە بەدەستهێنانی پلەی زانستی و ئەکادیمی؟ ئایا منداڵێک باوکی دکتۆر بێت سەرکەوتووتر ئەبێت بەراورد لەگەڵ منداڵێک کە باوکی کرێکارە؟ ئایا تۆ و توخمی ئەو باوکانە تایبەتمەندیی پەیوەندیدار بە هزر و فێرىوونیان بە منداڵەکانیان داوە؟ سروشتی ئەم تایبەتمەندییانە چین، لە کوێوە هاتوون وچۆن لە خوێن و لەشی مرۆڤدا چالاکی دەکەن و چۆن بناسرێن؟ ئەم تایبەتمەندییانە چەندە پەیوەندییان بە فاکتەرە دەرەکییەکانەوە هەیە؟ هەروەها، ئەو تایبەتمەندییانە لە نەوەکانی تر چیان بەسەر دێت و چۆن لە داهاتوودا گۆڕانیان بەسەردا دێت؟

بیرۆکەی بەدواداچوونی ئەم بوارە زانستییە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە و پەرەی سەندووە؟

یەکێک لە پاڵنەرەکان بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم بابەتە ئەوەیە کە لێکۆڵینەوە زانستییەکان لە بواری نەخۆشیەکان بەڵگەی ئەوەیان بە دەست کەوتووە، کە بڵێن بەشێک لەو نەخۆشییانەی بە مرۆڤ دەگات لە باوک و دایکەوە و لە ڕێگەی جینەوە وەکو میرات دراوە بە نەوەکان. چۆنیەتی هاتنی و چۆن و کەی دەردەکەوێت بابەتێکی ترە، کە لە چوارچێوەی ئەم نووسینە نییە. ئەم پرسیارە لە لای زاناکان دروست بووە، ئەگەر ئێمە تایبەتمەندییە جەستەیی و دەروونییەکانمان لە باوک و دایکمانەوە بە میرات بۆ هاتووە، ئایا ئاستی هۆشیاری و توانا زانستییەکانیش بۆی هەیە لە باوک و دایکەوە شتانێکی دیکە بە منداڵەکانی بگات؟ ئەگەرچی ئەمە بە جۆرێک قبوڵ کراوە کە لایەنی جینیتیک کاریگەری زۆر لە دەروون و دەسکەوتە پەروەردەییەکان ئەکەن، بەڵام چۆنیەتی کارکردن و ڕێ و شوێنەکانی زۆر تیشکی نەخراوەتە سەر و نازانرێت، دکتۆر پلۆمین و هاوڕێکانی بە تایبەتی کاریان لەسەر ئەمە کردووە.

هەروەها باشیش وایە کە ئاماژە بە گێڕانەوەیەکی دکتۆر پلۆمین بکەم، کە لە چاوپێکەوتنێکیدا باسی ئەوە دەکات، کاتێک منداڵ بووە لە بنەماڵەکەیدا تەنیا ئەو بووە کە حەزی چووەتە سەر کتێب و خوێندن. ئەمە وا دەکات بیری ئەو پرسیارە دروست بکات کە چی وای کردووە ئەو لەگەڵ منداڵانی تری بنەماڵەیان جیاواز بێت. ئایا پەیوەندییەکی بە خوێن و تۆی باوک و دایکی هەیە. هەر ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە تەمەنی ئەکادیمی تەرخان بکات لەسەر ئەو پرس و باسە و ببێتە ئەندامێک لە تیمێکی لێکۆڵینەوە، کە بە لێکۆڵینەوە لەسەر دووانەکان"جمک" (Twin studies) ناسراوە، یەکێکە لە درێژخایەنترین و بەرهەمدارترین لێکۆڵینەوەی زانستی لە بریتانیا، مەبەست لە دووانە ئەو منداڵانەیە کە لە باوک و دایکێک بوون.

لێکۆڵینەوە لەسەر دووانەکان بۆ پرۆژەی زانستی جۆراوجۆر کەڵکی لێ وەرگیراوە، یەکێک لەمانە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەوەیە، کە بۆیان دەربکەوێت کە ڕەفتاری دووانەکان زۆر لایەنی وەکوو بواری تەندروستی و نەخۆشی جەستەیی و دەروونی، هەروەها لایەنەکان کە پەیوەندی بە بیر و توانای زەینی هەیە. بۆ نموونە ئاستی بڕینی پلە زانستییەکان لەلای دووانەکان چۆنن.

لێکۆڵینەوەی دووانەکان، زیاترلە 15 هەزار دووانە لە ئینگڵاند و وێڵز ئەگرێتەوە کە لە ساڵەکانی 1994  تا 1996 لە دایک بوون و بۆ لێکۆڵینەوە تۆمار کراون، داتاکان بە وردی ماوەی ساڵانی کۆرپەیی ئەو منداڵانە تا دەورانی لاوی، پێڕەوی جیاواز وەکو جۆر، ڕەگەز و ئیشی باوک و دایک و پلەی زانستیان لەبەرچاو گیراوە و لێکدراوەتەوە. ئەم جۆرە لێکۆڵینەوانە بە جۆرێکی لێکۆڵینەوەی داتایی ناسراوە کە گرنگی بە ئامارەکان و ئەو تایبەتمەندییانە دەدرێت، کە توانراوە بناسرێن و پێناسە بکرێن، بۆ نموونە لەبەڕچاوگرتنی ئەو دووانە"جمک"انە، لە یەک ژینگە گەورە ئەبن یان لە دوو ژینگەی جیاواز.

لەگەڵ ئەمەشدا لێکۆڵینەوەکانی دکتۆر پلۆمین و هاوڕێکانی لە ڕووی جینیتیکیشەوە دووانەکان لێک ئەدەنەوە، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوەنیە کە لێکۆڵینەوەکە وردبوونەوەی جینیتیکیە لەسەر پەیوەندی ڕاستەوخۆی جینێکی تایبەت بە دەستکەوتە پەروەردەییەکانەوە. تا ئێستا هیچ جینێکی تایبەت بۆ لێهاتوویی پەروەردەیی نەدۆزراوەتەوە، بەڵکو لێکۆڵینەوەکان کۆیەک لە جینەکان ڕاڤە ئەکات، کە بۆی هەیە کاریگەرییان هەبێت لە فێربوون و دەسکەوتە پەروەردەییەکان.

ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی دکتۆر پلۆمین و هاوڕێکانی چی دەڵێن؟

دەتوانرێت ئەنجامە گرنگەکانی لێکۆڵینەوەکە بە شێوەی خوارەوە ڕیزبەند بکرێن:

- لێکۆڵینەوەکە ئەوە دەرئەخات، کە جینە جیاوازەکان لە تاکەکان پەیوەندی بە دەسکەوتە پەروەردەییەکانەوە هەیە.

- لێکۆڵینەوەکە ئەوە دەردەخات کە کاریگەری فاکتەرە دەرەکیەکان وەکو بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی هاوشانە لەگەڵ کاریگەری میراتی جینیتیکی کە لە باوک و دایکەوە بە منداڵ دەگات.

- لێکۆڵینەوەکە ئەمە ئەخاتە پێش چاو، کە هەرچی منداڵ لە ژینگەیەکی ئاسوودەی ئابووری و کۆمەڵایەتی گەورە بێت، ئەوە دەبێتە هۆی ئەوە کە دەرفەت بدات بەو تایبەتمەندییە جینیتیکیانە کە خۆیان پیشان بدەن و کارا ببن.

- هەروەها ئاماژەش بەمە دەکەن کە ئەمەش لێیڕا دەبێنرێت، ئەو منداڵانەی میراتێکی جینتیکی باشیان پێگەیشتووە، ئەوە بۆی هەیە کەم و کوڕییەکانی ژینگە، ئەو توانا جینیتییکیانە لاواز نەکات، بەڵکو بە پێچەوانەشەوە، دەستکەوتی باشی پەروەردەیی بۆ ئەو کەسە بەربهێنێت.

- لە کۆتایی بابەتەکە ئەمە پێشنیاز ئەکەن، کە بۆ ئەوەی زیاتر لە پەیوەندی جینیتیک و دەستکەوتە پەروەردەییەکان بزانرێت، پێویستە لە ژینگەی جۆراوجۆر و نابەرانبەردا، تاقیکردنەوەی جۆراوجۆر بکرێت لەسەر کەسە جیاوازەکان، بۆ ئەوەی بزانرێت جینەکان چۆن کار دەکەن و پەیوەندییان لەگەڵ ژینگە جۆراوجۆرەکان چۆنە.

پەیوەندی ئەم بابەتە بە پرسی پەروەردەی کوردییەوە چییە؟

مەبەست لە وروژاندنی ئەم بابەتە بۆ خوێنەری کورد ئەوەیە، کە ئەم بوارە زانستییە بایەخێکی زۆری هەیە و پێویستە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی لەو چەشنە بە ئەنجام بگەیەنرێت، بە دوای وەڵامی ئەم پرسیارانەوە بچین کە چۆن شەڕ و ئاژاوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، کاریگەری لە جەستە و دەروونی تاکی کورد ئەکەن؟ بۆ نموونە، شەڕی داعش و کاریگەرییە هەمەلایەنەکانی لە ژیانی خەڵکی کوردستان، چۆن ئەو کاریگەرییانە لە ڕەفتاری تاک و کۆمەڵدا خۆی دەردەخات؟ وە بە شێوەیەکی تایبەتی تر، چۆن کاریگەری لە پرسەکانی پەروەردە، وەکو پرسی دەستکەوتە پەروەردەییەکانی نەوەکانی ئێستا و نەوەکانی داهاتوو دەکەن؟ وە زۆر پرسیاری تر کە وەڵام نادرێتەوە مەگەر لێکۆڵینەوەی ورد و درێژخایەنی لەسەر بکرێت.

دیارە، بابەتی جینیتیک و پەروەردە  دوو بواری زانستی جیاوازن، لە بواری پەروەردە، زمانی کوردی چەمک و زاراوەی خۆی هەیە و لە کوردستان کۆلێژی زمان و پەروەردە هەیە، بەڵام بابەتەکان و بواری جینیتیک بونیادێکی پتەوی لە زمانی کوردیدا نییە، ئەمەش بە هۆی ئەوەی کە لێکۆڵینەوەکان تازەن و لە ڕۆژئاواوە سەریان هەڵداوە، بە تایبەتی سەبارەت بە بابەت و بواری  جینیتک و پەروەردە، سەرەتاییترین کار کە وەکو پێویستییەک و پێشنیازێک پێم گرنگە ئەوەیە، کە بۆ دامەزراندنی لق و پۆپەکانی ئەم زانستە، پێش هەر شتێک کار لەسەر وەرگێڕان و ناساندنی ئەم بوارە بکرێت، بۆ ئەوەی چەمک و زاراوەکانی پەیوەندیدار بە م بوارەوە لە زمانی کوردی بە شێوەیەکی زانستی بناسرێن و ببێتە بناغەیەک بۆ ئەم زانستە، هەروەها ئەتوانرێت کە بیر لەوە بکرێتەوە وەکو بوارێکی نوێی زانستی لە لایەن خوێندنی باڵاوە بناسرێت و گرنگی پێبدرێت. ئەم زانستە ئەتوانێت هاوکاری مامۆستاکان بکات کە ڕەچاوی پێشینەی خێزانی، باری سەلامەتی و سەرجەم جیاوازییەکانی قوتابیەکان بکەن و ڕێ و شوێنی تایبەت بگرنەبەر لە پرۆسەی پەروەردە کردندا.

ڕوونکردنەوەکان و سەرچاوەکان:

وشە سەرەکیەکان: دەستکەوتە پەروەردەییەکان، جینیتیک.

1- دکتۆر رۆبرت پلۆمین- Dr Robert Plomin - لێکۆڵەر و مامۆستای زانکۆی کینگز کالجی لەندەنە/ King's College London

2- ئەم بابەتە زۆر بۆم جێگەی بایەخ بوو کە بزانم ئایا لە ناو ئەدەبی زانستی کوردیدا باسی پەروەردە و کاریگەری لایەنە جینیتیکییەکان باس و پرسی هەیە یان نە. لە ئینترنێت لێکۆڵینەوەی بڵاوکراوەی پەیوەندیدار بە جینیتیک کە لێکۆڵەرانی کورد کاریان لەسەر کردبێت هەیە، بەلآم فرەیان دەکەونە نێو لێکۆڵینەوە زانستییە بایۆلۆژی و پزیشکییەکانەوە.

3- بۆ خوێندنی  ئنگلیزی بابەتەکی دکتۆر پلۆمین و هاوڕێکانی سەردانی لینک و ناونیشانی خوارەوە بکە؛

Ayorech, Ziada, Krapohl, Eva, Plomin, Robert et al. (1 more author) (2017) Genetic Influence on Intergenerational Educational Attainment. [online] Genetic Influence on Intergenerational Educational Attainment (core.ac.uk) (Accessed 15 November 2021)..

4- هەروەها بۆ بەدواداچوونی فرەتر سەیری ئەم سەرچاوانەی خوارەوە بکە؛

Professor Robert Plomin talks about genes and intelligence (The Life Scientific - Jim Al-Khalili) - YouTube

Thomas, Michael S.C. and Kovas, Y. and Meaburn, Emma L. and Tolmie, A. (2015) What can the study of genetics offer to educators? [online] available from Birkbeck Institutional Research Online (bbk.ac.uk) (Accessed 12 November 2021).